بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١ی سەرماوەز (٢٢ی نۆڤامبەر) سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی محەممەد ئەندیشکۆ و موسلیم جەمشیدی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم دوو زیندانییە ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کرابوون و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سێدارە دراون.

موسلیم جەمشیدی، ٢٩ ساڵان و خەڵکی شاری هەرسینی کرماشان، پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.

محەممەد ئەندیشکۆ، ٥٥ ساڵان، باوکی منداڵێک و خەڵکی شاری هەرسینی کرماشانیش نزیکەی ٨ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.