بەرەەبەیانی ڕۆژی ٧ی سەرماوەز (٢٨ی نۆڤامبەر) سزای لەسێدارەدانی سێ بەندکراو بە ناوەکانی ئێقباڵ فەتحوڵڵاهی، موحسین ئەمرایی و شەهرام محەممەدبەیگی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە و «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانەکانی قزلحەساری کەرەج و ئیلام جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٧ی سەرماوەز (٢٨ی نۆڤامبەر) سزای لەسێدارەدانی ئێقباڵ فەتحوڵڵاهی و موحسین ئەمرایی کە ڕۆژی پێشووتر لەگەڵ زیندانییەکی تردا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کرابوون. جێبەجێ کراوە. لەسەر ناسنامە و چارەنووسی سێهەم زیندانییەکە تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

ئێقباڵ فەتحوڵڵاهی، خەڵکی ئیلام و موحسین ئەمرایی، خەڵکی کووهدەشتی پارێزگای لوڕستان، نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش لە دۆسیەیەکی هابەشدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.

هاوکات سزای لەسێدارەدانی شەهرام محەممەدبەیگی، وەرزشکاری خەڵکی ئیلام و پاڵەوانی ڕاکردنی بیابانی لاوانی ئێران کە لە ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٠دا (١١ی سێپتامبەری ٢٠٢١) بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کراوە.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٠دا (١٦ی فێبرییەی ٢٠٢٢) تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە شەهرام محەممەدبەیگی لە لایەن هێزەکانی زیندانەوە ئەشکەنجە دراوە و هەر بۆیە مانی لە خواردن گرتووە.