بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو سزای لەسێدارەدانی زیندانییەک بە ناوی محەممەدڕەزا میهرەبان کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە ڕۆژی یەکشەممە ٣ی بەفرانبار (٢٤ی دیسامبەر) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی سنە کرابوو و بەرەبەیانی دوێنێ لە سێدارە دراوە.

محەممەدڕەزا میهرەبان، ٣٥ ساڵان، خەڵکی شاری قوروەی پارێزگای کوردستان، نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە سەرماوەزی ئەمساڵدا (نۆڤامبەر و دیسامبەری ٢٠٢٣) لەسێدارەدانی لانیکەم ٢٢ بەندکراوی تۆمار کردووە کە لە زیندانەکانی قزلحەساری کەرەج، ناوەندیی کەرەج، ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض»، «کوشتنی بەئەنقەست»، «دەستدرێژیکردن بە زۆر» یان تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە لە سێدارە دراون.