بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٨ی بەفرانبار (٨ی ژانڤییە) سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی محەممەدحسەین گەراوەند و کەیۆمەرس غوڵامی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم دوو زیندانییە ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کرابوون و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەردووکیان لە سێدارە دراون.

کەیۆمەرس غوڵامی، خەڵکی شاری سەراوڵەی ئیلام و محەممەدحسەین گەراوەند خەڵکی کووهدەشتی لوڕستان، چەند ساڵ لەمەوپێش و لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.