بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٧ی بەفرانبار (١٧ی ژانڤییە) سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی ئیمان شەعبانی و حسەین فەتحوڵڵازادە کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم دوو زیندانییە ڕۆژی ٢٥ی بەفرانبار (١٥ی ژانڤییە) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کرابوون و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەردووکیان لە سێدارە دراون.

ئیمان شەعبانی، خەڵکی پارێزگای گوڵستان و دانیشتووی تاران و حسەین فەتحوڵڵازادە، خەڵکی تاران، نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کران و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو.

یەکێکی تر لە هاودۆسیەکانی ئەم دوو زیندانییە بە ناوی بەهمەن فەتحوڵڵازادە لە ڕێکەوتی ١٧ی گەڵاڕێزانی ئەمساڵدا (٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٣) لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە درا.