بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو ٢٧ی بەفرانبار (١٧ی ژانڤییە) سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی جەلیل سلێمانی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوە ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی بەفرانبار (١٤ی ژانڤییە) بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی هەمەدان کرابوو و بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو لە سێدارە دراوە.

جەلیل سلێمانی، خەڵکی شاری کەنگاوەری پارێزگای کرماشان و دانیشتووی شاری توویسەرکانی پارێزگای هەمەدان، نزیکەی ٣ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.