دوای تێپەڕینی دوو مانگ بەسەر لەسێدارەدانی وەفا هەنارە، ئارام عومەریی بەردیانی، ڕەحمان پەڕحازوو و نەسیم نەمازیدا کە بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە هاوکاریی هەواڵگری و سیخوڕیدا بۆ ئیسراییل» لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دران، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە وەفا هەنارە، ئارام عومەریی بەردیانی و ڕەحمان پەڕحازوو پێش جێبەجێکردنی سزاکە لە لایەن هێزەکانی زیندانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا بە سەختی ئەشکەنجە دراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «نزیکەی ١٠ ڕۆژ پێش لەسێدارەدانی ئەم چوار زیندانییە، لیژنەیەک لە تارانەوە سەردانی زیندانی ناوەندیی ورمێی کردبوو و ئارام عومەریی بەردیانی، ڕەحمان پەڕحازوو و وەفا هەنارەیان بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی زیندان بانگهێشت کردبوو و پێیان ڕاگەیاندبوون کە ئەگەر پەشیمانی دەرببڕن دۆسیەکەیان دەنێردرێتە بەردەم کۆمیسیۆنی لێبوردن و لێخۆشبوونی دەزگای دادوەری و دەکەونە بەر لێخۆشبوونەوە. ئەوانیش بەبێ ئەوەی مۆڵەتی خوێندنەوەی نامەکەیان پێ بدرێت، واژۆیان کردبوو».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە کاتێکدا کە ئەم ٣ بەندکراوە چاوەڕێی وەڵامی لە کۆمیسیۆنی لێخۆشبوونیان دەکرد، ڕۆژی ٧ی بەفرانباری ١٤٠٢ (٢٨ی دیسامبەری ٢٠٢٣) بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کران و پاش دوادیدار لەگەڵ بنەماڵەدا تێگەیشتن کە بە پێچەوانەی بانگەشەی پێشوو کە باس لە ئەگەری لێخۆشبوونیانی دەکرد، وا بڕیارە سزاکەیان جێبەجێ بکرێت: «هەر بۆیە چەند کاتژمێرێک پێش جێبەجێکردنی سزاکە لە ژووری تاکەکەسیدا دەنگیان هەڵبڕی و دەستیان بە ناڕەزایی کرد. هێزەکانی زیندانیش هێرشیان کردە سەر ژوورەکەیان و بە باتۆم کەوتنە گیانیان و بە سەختی برینداریان کردن، پاشان سەرەڕای ئەوەی جەستەی هەرسێکیان خوێناوڵ ببوو، بەسەر زەویدا ڕایان کێشان و بە مەبەستی لەسێدارەدان بردنیانە شوێنی جێبەجێکردنی سزاکە، ئەم بەندکراوانە تا دواساتی لەسێدارەدان هاواریان دەکرد و دەیانوت ئێمە بێتاوانین، لە سێدارەمان مەدەن».

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە مانگێک بەسەر لەسێدارەدانی ئەم چوار بەندکراوە لە ڕێکەوتی ٨ی بەفرانباری ١٤٠٢دا (٢٩ی دیسامبەری ٢٠٢٣)، تەرمەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە و تا ئێستایش دیار نییە لە کوێ ئەسپەردە کراون.