سزای لەسێدارەدانی ناسر شەفیعی، سەعید نیازی، پەیمان ئەڵڵاوەیسی و ڕەزا زەردکووهی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوبوو، لە زیندانەکانی کەرەج، سنە و سەبزەوار جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی گەلاوێژ (١٥ی ئاگۆست) پەیمان ئەڵڵاوەیسی، بەندکراوی ٣٧ ساڵانی خەڵکی سنە کە نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبوو، لە زیندانی ناوەندیی سنە لە سێدارە دراوە.

ئەم بەندکراوە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی گەلاوێژ (١٣ی ئاگۆست) بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو.

هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی گەلاوێژ (١٤ی ئاگۆست) ناسر شەفیعی لە زیندانی ناوەندیی کەرەج، سەعید نیازی لە زیندانی قزلحەساری کەرەج و ڕەزا زەردکووهی لە زیندانی سەبزەوار لە سێدارە دراون.

ناسر شەفیعی، خەڵکی تیکاب و دانیشتووی تاران، نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی هاوسەرەکەی سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچوبوو. سەعید نیازیی خەڵکی دوروودی لوڕستانیش ٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبوو.

هەروەها ڕەزازەردکووهی، ٣١ ساڵان و خەڵکی گوندی «زەردکووه»ی سەبزەواری پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، چەند ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبوو.