له درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەر كردن هاوڵاتیان و چالاکوانانی کورد، لە شاری مەریوان، دوو هاوڵاتی تر بە ناوەکانی “شاهۆ ئەختەر کاوان” و “حەمدی ئەختەر کاوان” پاش ئەوەی بۆ ستادی هەواڵگری ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری مەریوان بانگهێشت کرابوون دەستبەسەر کران.

سەرچاوەیێکی ئاگادار لە شاری مەریوان لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی وت: «”حەمدی ئەختەر کاوان” خەڵکی گوندی “بڵبەر”ی ناوچەی هەورامان و نیشتەجێی شاری مەریوان ڕێکەوتی ۲۳ی مانگی پووشپەڕ /14.7.2019 پاش ئەوەی بۆ ستادی هەواڵگری ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بانگهێشت کرابوو ەستبەسەر کرا. هەروەها حەفتەی ڕابردوو “شاهۆ ئەختەر کاوان” خوێندکاری مەریوانی هەر بەو شێوەیە بانگهێشت و پاشان دەسبەسەر کرا.»

دەوترێ ئەو کەسانە لەگەڵ هەشت هاوڵاتی و چالاکوانی تری مەریوانی کە لە ڕۆژەکانی رابردوودا دەستبەسەر کرابوون، هەموویانییان بۆ گرتووخانە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بردوون.

لە ڕێکەوتی ۲۳ پووشپەڕ /14.7.2019 هەتا ئێستا وێرای ئەو دوو کەسە لانیکەم ۱۰ هاوڵاتی و چالاکوانی مەدەنی تری کورد لە شاری مەریوان بە ناوەکانی، “عەلی رەزایی” “ئومید ساڵحی”، “فاتح هوشمەند”، “گۆڕان قوربانی”، “یادگار دڵجو”، “خالید سووری”، “عەبدووڵا وەیسی” و “پەروین ئەدوایی” دەستبەسەر کراون.