بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، یەزدان عارفی‌نیا، چالاکی بواری ڕاگەیاندن و مافی مرۆڤی خەڵکی ئاودانان و بەرپرسی کاناڵی تێلێگرامیی «تێپەڕینی زەمان» (گذر زمان) کە لە ڕێکەوتی ٩ی گەڵاڕێزاندا (٣١ی ئۆکتۆبر) لە تاران دەستبەسەر کرا، تا ئێستایش بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە و بەبێ ئەوەی مۆڵەتی دیداری بنەماڵەی پێ بدرێت، لە زیندانی ناوەندیی ئیلام دەستبەسەرە.

یەزدان عارفی‌نیا کە بەشی یاسای لە زانکۆدا تەواو کردووە، بەڕێوەبەری ڕێکخراوەی «هاناڕەس»ـە لە تاران کە لە بواری ڕاوێژی یاسایی و پارێزەریدا خزمەتگوزاریی خۆبەخشانە و بێبەرانبەر بۆ خەڵکێکی زۆر دابین دەکات. ناوبراو هەروەها لەم حەفتانەی دواییدا و لە ڕێگای کاناڵی تێلێگرامیی «تێپەڕینی زەمان»ـەوە بۆ کەسانێک کە مەترسیی دەستبەسەرکردنیان لەسەرە و هەروەها بۆ بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان، ڕێنوێنیی یاسایی بڵاو دەکردەوە.
یەزدان عارفی‌نیا ساڵی ١٣٩٩ (٢٠٢٠) دوای ماوەەیەک دەستبەسەربوون و لێپرسینەوە، لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە تۆمەتی «شێواندنی ڕای گشتی» و «بانگەشەی دژی حکوومەت» سزای ٦ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپابوو.