لەم ڕۆژانەی دواییدا و دوابەدوای بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی ناڕەزایی لە گەڕەکی دەرەدرێژ (مەهدییە)ی کرماشان، ژمارەیەک لە دانیشتووانی ئەم گەڕەکە لە لایەن هێزە ئەمنی – ئینتیزامییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کرماشانەوە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «دەستبەسەرکراوان کە ژمارەیان نزیکەی ١٥ کەس دەبێ، کۆمەڵە هاووڵاتییەکی ئاسایین کە لەبەر خۆپیشاندانەکانی ئەم ڕۆژانەی دوایی لە گەڕەکی دەرەدرێژی کرماشان دەستبەسەر کراون. هێزە ئەمنی و ئینتیزامییەکان شەوی دووشەممە ٤ی گەلاوێژ گەمارۆی گەڕەکەکەیان داوە و دوای ناسینەوەی کەسەکان، دەستبەسەریان کردوون».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی بەندکردنی ئەم کەسانە لە بەردەستدا نییە.

گەڕەکی دەرەدرێژی کرماشان یەک لەو گەڕەکە بێبەشکراوانەی پەراوێزی ڕۆژئاوای شاری کرماشانە کە لەم ڕۆژانەی دواییدا کۆمەڵێک خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی لە بەرامبەر نەبوونی ئاو و بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەهواز و شارەکانی تری تێدا بەڕێوە چووە. لە ڤیدیۆیەکدا کە لە ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژدا لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی ئەم گەڕەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، ژمارەیەک لە دانیشتووانی گەڕەک دەستیان داوەتە داخستنی جادەکان و وتنەوەی دروشمی ناڕەزاییانە. هەروەها لەم ڤیدیۆیەدا دەنگی تەقەکردن دەبیسرێت و کەسێک دەڵێت: ئەمە پەیامێکە بۆ هەموو گەلانی ئێران، کرماشان پشتیوانی خووزستانە.

هەندێ سەرچاوە لە شاری کرماشانەوە دەڵێن هێزە چەکدارەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو لەم شارە جێگیر کراون و کەشێکی قورسی ئەمنی باڵی بەسەر شارەکەدا کێشاوە. لە ڕاپۆرتەکاندا باسی کەشێکی ئەمنیی هاوشێوە لە هەندێ شاری پارێزگای کوردستانیش، وەک سەقز و سنە، لەم ڕۆژانەی دواییدا دەکرێت.

شەپۆلی ئەم دواییەی ناڕەزایەتییەکان لە لایەن خەڵکی عەرەبی دانیشتووی ئەهواز و شارەکانی ترەوە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر وشککردنی ڕووبارەکانی پارێزگای خووزستاندا دەستی پێ کرد و تا ئێستایش هەر درێژەی هەیە؛ زنجیرە خۆپیشاندانێکی هێمنانە کە لەبەر توندوتیژیی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بە قورسی سەرکوت کراوە و بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز و ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، تا ئێستا لانیکەم ٩ هاووڵاتی لەم خۆپیشاندانانەدا گیانیان لەدەست داوە.

لەم ڕۆژانەی دواییدا شەپۆلی ناڕەزاییەکان بەرەو شارەکانی تری ئێرانیش تەشەنەی سەندووە و لە شارە جۆراوجۆرەکاندا بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئەهواز و ڕاگەیاندنی ناڕەزایی لە سیاسەتەکانی حکوومەت، گردبوونەوەی جەماوەری بەڕێوە چووە.