دەمەوبەیانی ڕۆژی هەینی ١٠ی پووشپەڕ (١ی جولای) هێزە سەربازییەکانی «یەکەی فریاکەوتن»ی ئیلام ئۆتۆمبێلێکی پرایدیان لە شەقامێکی شاری ئیلام داوەتە بەر دەسڕێژ و لە ئەنجامدا حەبیب ئاژ، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە، دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە و هاوڕێکەیشی بە ناوی وەحید عەتایی بە قورسی بریندار بووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەسێکی نزیکی حەبیب ئاژ زانیاریی وردتری لەمەڕ شێوەی کوژرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە دەست کەوتووە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، حەبیب ئاژ و وەحید عەتایی کە دراوسێی یەکترن، لە نزیک کاتژمێر یەکی دەمەوبەیانی ڕۆژی هەینی ١٠ی پووشپەڕدا (١ی جولای) بە ئۆتۆمبێلەکەی حەبیب ئاژ کوڕە نەخۆشەکەی وەحید عەتاییان بۆ نەخۆشخانە بردووە، لە کاتی گەڕانەوەدا لە نەخۆشخانە لەبەر خێرایی زۆری ئۆتۆمبێلەکە و تاریکبوونی هەوا لە ڕێگای بلواری ئیمام بەرەو شەقامی شوهەدای ئیلام، لە ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی یەکەی فریاکەوتنی داوە کە بۆتە هۆی شکانی ئاوێنەی کەناری ئۆتۆمبێلەکەی یەکەی فریاکەوتن.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: «حەبیب ئاژ لەبەر ئەوەی ترسابوو بەبێ وەستان درێژەی بە ڕێگاکەی دابوو و ئۆتۆمبێلەکەی یەکەی فریاکەوتنیش دوای کەوتبوو. هێزەکانی یەکەی فریاکەوتن تەنها لەبەر ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی حەبیب ئاژ نەوەستابوو بە دەیان گوللەیان بەرەو ئۆتۆمبێلەکە تەقاندبوو».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، حەبیب ئاژ گوللەیەک بەر سەری کەوتبوو و دەسبەجێ گیانی لەدەست دابوو و وەحید عەتاییش گوللەی بەر کەوتبوو و بە قورسی بریندار ببوو و ئێستە مەترسیی بڕینی بڕبڕە و نوخاعی لە ئارادایە و لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانە خەوێنراوە. هێزەکانی یەکەی فریاکەوتنیش دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە وەستابوو، پشکنیبوویان و بەبێ ئەوەی شتێک یان کاڵایەکی گومانلێکراو و نایاسایی بدۆزنەوە، بەبێ ئەوەی دوو سەرنشینەکە بگوازنەوە شوێنەکەیان بەجێ هێشتبوو.

بەپێی فیلمێک کە کامێرا چاودێرییەکانی ئەو شوێنە تۆماری کردووە، کاتژمێر ٠٠.٤٠ی دەمەوبەیانی ڕۆژی هەینی، حەبیب ئاژ لەگەڵ وەحید عەتایی و منداڵە کەمتەمەنەکەی سواری ئۆتۆمبێلەکە دەبن و بەرەو نەخۆشخانەکە بەڕێ دەکەون.

نزیکانی ئەم دوو هاووڵاتییە دوای کوژران و برینداربوونیان بە تەقەی هێزەکانی یەکەی فریاکەوتن، لەگەڵ هێزەکانی بنکەی پۆلیسدا چوونەتە سەر شوێنی ڕووداوەکە و فیلمیان لێ هەڵگرتووە، لەم فیلمەدا ئاسەواری بەرکەوتنی ژمارەیەکی زۆری فیشەک لەسەر ئۆتۆمبێلەکە دیارە. ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١١ی پووشپەڕ (٢ی جولای) تەرمی حەبیب ئاژ کە لە کاتی مردندا ٣٧ ساڵان و باوکی ٣ منداڵ بوو، لە پزیشکیی دادی ئیلامەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و لە گۆڕستانی ئەم شارەدا ئەسپەردە کراوە.