هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی سەرهەڵدانی خەڵکی ئێران و لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەردا (١٢ی ئۆکتۆبر) خەڵکی کرماشان وەک وەڵامدانەوەیک بە چەند بانگەوازێک، لە شوێنە جیاوازەکانی ئەم شارەدا خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد. یەک لە ناوەندە سەرەکییەکانی ئەم خۆپیشاندانانە هەردوو ناوچەی بێبەشکراو و پەراوێزخراوی «دەرەدرێژ» و «دەوڵەتئاوا» لە ڕۆژهەڵاتی ئەم شارەدا بوو کە زۆربەی دانیشتووانی یارسان و سوننەن.

بە وتەی شایەتحاڵە مەیدانییەکان، خۆپیشاندانی جەماوەریی گەڕەکی «دەرەدرێژ» لە کاتژمێر چوارونیوی دوانیوەڕۆوە لە مەودای نێوان وێستگەی ئاگرکوژێنەوە و مەیدانی داخڵبوون بەم گەڕەکە و بە شێوەیەکی هێمنانە و دوور لە توندوتیژی دەستی پێ کرد. خۆپیشاندەران سەرەتا بە وتنەوەی هەندێ دروشمی وەک «مەرگ بۆ دیکتاتۆر» و «ژن، ژیان، ئازادی» بەرەو گەڕەکی دەوڵەتئاوا بەڕێ کەوتن.

دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە «دەرەدرێژ» و «دەوڵەتئاوا» ژمارەیەک لە هێزەکانی یەکەی تایبەت، هێزی ئینتیزامی و جلوبەرگ مەدەنییەکان کە لە مەیدانی عەشایەر و بنکەی پۆلیسی ٢٥ی دەوڵەتئاوا جێگیر کرابوون، بەرەو شوێنی خۆپیشاندانی خەڵک ڕەوانە کران. دوابەدوای هاتنی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان، ئاڵۆزان و تێکهەڵچوون باڵی بەسەر فەزای خۆپیشاندانەکەدا گرت و هێزە چەکدارەکانی حکوومەت بە گوللەی ساچمە خۆپیشاندەرانیان کردە ئامانج. لە بەرانبەردا خۆپیشاندەرانیش بە بەردخستن و گڕدانی تایە ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکارەکان بوونەوە.

خۆپیشاندانی جەماوەری و هێرشەکانی هێزە دەوڵەتییەکان تا کاتژمێر ٦ی ئێوارەی هەمان ڕۆژ درێژەی هەبوو و چەند خۆپیشاندەرێک بە گوللەی ساچمەیی بریندار بوون. دوای تاریکبوونی هەوا تێکهەڵچوونەکان قورستر بوویەوە؛ هێزە ئەمنییەکان، بەتایبەت هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان کە لە هەردوولای خۆپیشاندەرانەوە جێگیر کرابوون، چەکی شەڕیان بۆ سەرکوتکردن بەکار هێنا و بە شێوەیەکی دیاریکراو و مەبەستدار خۆپیشاندەرانیان کردە ئامانج. هێزەکانی سپای پاسدارانیش لەسەر بانی ناوەندی بەسیج و لە پشتەوە تەقەیان لە خەڵک کرد. یەک لەو کەسانەی کە دوو جار و لەدوای یەک کرابووە ئامانج، سینا نادری، هاووڵاتیی ٢٢ ساڵانی دانیشتووی «دەرەدرێژ» بوو.

هێڵی نارنجی: ئەو شوێنەی سینا کرایە ئامانج

چوارگۆشەی سوور: ئەو شوێنەی لەسەر بانەکەیەوە هێزەکانی سپا تەقەیان لە سینا و ئارمین کردووە

لاکێشەی شین: بنکەی سپای دەوڵەتئاوا و دەرەدرێژ

یەک لە خزمانی سینا نادری لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «سینا بە شێوەیەکی مەبەستدار دیاری کرابوو و دوو گوللەی شەڕیان پێوە نا. گوللەی یەکەم لە پشتەوە بەر باسکی لای ڕاستی کەوتبوو و لەولاوە دەرچووبوو. چەند چرکە دوای گوللەی یەکەم، سینا لە حاڵێکدا کە تەنها بەردێکی لە ناودەستدا بوو، کرایە ئامانجی دووهەم گوللەیش کە بەر لاتەنیشتی کەوت و دوای دڕینی سینگی لەولاکەی ترەوە دەرچوو».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سینا نادری دوای بەرکەوتنی گوللەی دووهەم کەوتبووەوە سەر عەرز و کەسانی دەوروبەری هەوڵیان دابوو لە تیراوێژی هێزەکان سپای پاسداران ڕزگاری بکەن و بیگەیەننە نەخۆشخانەی فارابی لە مەیدانی عەشایەر. سینا نیو کاتژمێر دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە لەبەر قورسبوونی برین و خوێنلەبەرچوونی ناوەوە گیانی لەدەست دابوو.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «هێزە ئەمنییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەی دوای بڕی ١٠٠ میلیۆن تمەنیان کرد لەژێر ناوی «قەرەبووکردنەوەی زیانی مادی»دا. بەڵام بنەماڵەکەی هەڕەشەیان کرد ئەگەر تەرمی منداڵەکەیان ڕادەست نەکرێتەوە خۆپیشاندانەکانی «دەرەدرێژ» دەست پێ دەکاتەوە و بەرپرسایەتیی هەرجۆرە ڕووداوێکی دواتر لە ئەستۆی حکوومەت و دامودەزگا ئەمنییەکاندایە».

دواجار هێزە ئەمنییەکان بە مەرجی ئەسپەردەکردنی خێرا و بێدەنگانە و بەبێ تێکهەڵچوون، تەرمی سینا نادرییان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردەوە و ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ڕەزبەر (١٣ی ئۆکتۆبر) لە گۆڕستانی «دەرەدرێژ» ئەسپەردە کرا.

لە درێژەی زەخت و گوشارە ئەمنییەکاندا بۆ سەر بنەماڵەی سینا نادری، بەرپرسانی دادوەری، ئەمنی و سیاسیی کرماشان داوایان لێ کردبوون سینا نادری وەک «شەهید» تۆمار بکرێت و بەم چەشنە دیەی خوێنەکەی بە بنەماڵەکەی بدەن. بنەماڵەی سینا نادری ئەم داواکارییەیان ڕەت کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە سینا لە پێناوی ئازادیدا گیانی بەخت کردووە.

شایانی باسە کە سینا نادری دوو حەفتە پێش کوژرانی و لە خۆپیشاندانەکانی شەقامی نەوبەهاری کرماشاندا لە لایەن هێزەکانی سپای نەبیی ئەکرەمەوە دەستبەسەر کرابوو و گوازرابوویەوە بۆ زیندانی دیزڵئاوا و دوای حەفتەیەک بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەن ئازاد کرابوو.

سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە کرماشان هەروەها کوژرانی هاووڵاتییەکی کوردی دیکەیان لە خۆپیشنادانەکانی ٢٠ی ڕەزبەردا (١٢ی ئۆکتۆبر) لە گەڕەکی «دەرەدرێژ» پشتڕاست کردووەتەوە. لە ئەنجامی تەقە و دەسڕێژی هێزەکانی سپای پاسداران لە ئۆتۆمبێلێکی پراید کە لەو گەڕەکەوە تێدەپەڕێت، ئارمین سەیادی، شۆفیری ئۆتۆمبێلەکە، لەگەڵ دوو سەرنشینی تری ئۆتۆمبێلەکەدا گوللەیان بەر کەوتبوو. ئارمین سەیادیی ١٨ ساڵان دەستبەجێ گیانی لەدەست دابوو و دوو سەرنشینەکەی تریش بە قورسی بریندار ببوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەی فارابی کرابوون.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانە سەرانسەرییەکانی خەڵکی ئێرانەوە تا ئێستا ٦ کەس بە ناوەکانی مینوو مەجیدی (٦٢ ساڵان)، ڕەزا شەهپەڕنیا (٢٠ ساڵان)، ئەمیرحسەین بەساتی (منداڵی ١٥ ساڵان)، ڕامین کەرەمی (٣١ ساڵان)، سینا نادری (٢٢ ساڵان) و ئارمین سەیادی (١٨ ساڵان) لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی کرماشاندا بە دەستی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت کوژراون.