بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نیوەڕۆی سێشەممە ١٥ی سەرماوەز (٦ی دێسامبر) سێپێهر ئەعزەمی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەحنەی پارێزگای کرماشان و دانیشتووی کەرەج کە لە ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفیدا، لە گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان، بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بریندار ببوو، بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە گیانی لەدەست داوە.

سێپێهر ئەعزەمی ڕۆژی ١٢ی گەڵاڕێزان (٣ی نۆڤامبر) دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی لە گۆڕستانی بی‌بی سەکینه لە کەمالشەهری کەرەج، لە لایەن هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و لە مەودایەکی نزیکەوە کرایە ئامانج و بریندار بوو. ناوبراو بە درێژایی ئەم ماوەیە لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەی مەدەنیی کەرەجدا خەوێنرابوو.

سێپێهر ئەعزەمی، ٢٤ ساڵان و پێڕەوی ئایینی یارسان، خەڵکی سەحنەی پارێزگای کرماشان و دانیشتووی کەرەج بوو.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی سەرانسەریی خەڵکی ئێرانەوە لە دوای کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینی، تا ئێستا لانیکەم ١١٣ هاووڵاتیی کورد لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شار و گوندەکانی کوردستان و ناوچەکانی تری ئێراندا بە دەستی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون. ١٢ کەس لە گیانبەختکردووان منداڵ بوون.