ڕۆژی شەممە ٣ی بەفرانبار (٢٤ی دێسامبر) هاووڵاتییەکی ٤٠ ساڵانی خەڵکی کامێران بە ناوی فەرشاد ئیبراهیمی لە جادەی کامێران بۆ کرماشاندا کەوتە بەر تەقەی هێزە ئینتیزامییەکان و گیانی لەدەست دا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە نیوەڕۆی ٣ی بەفرانبار (٢٤ی دێسامبر) هێزە ئینتیزامییەکان لە خاڵی پشکنینی نزیک گوندی «سەرقەڵا»ی کامێران ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکیان بە ناوی فەرشاد ئیبراهیمی داوەتە بەر دەسڕێژ کە لە ئەنجامدا ئەم هاووڵاتییە دەستبەجێ کوژراوە.

تەرمی ئەم هاووڵاتییە ٤٠ ساڵانەی خەڵکی کامێران براوەتە پزیشکیی دادی کرماشان و ڕۆژی دووشەممە ٥ی بەفرانبار (٢٦ی دێسامبر) ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

بەپێی وێنەیەکی تەرمەکە کە بە دەستی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، گوللەیەک بەر پشتی ئەم هاووڵاتییە کەوتووە.