بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٩ی خاکەلێوە (١٨ی ئاوریل) کاسبکارێکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی یەعقووب عەباسی لە ناوچە سنوورییەکانی بانە کەوتووەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و کوژراوە.

دەوترێت هێزە سنوورپارێزەکان دەسڕێژیان لە گرووپێک کاسبکار لە سنووری «ئاڵۆت»ی شاری بانەی پارێزگای کوردستان کردووە کە لە ئەنجامدا یەعقووب عەباسی بە قورسی بریندار ببوو. ئەم کاسبکارە دەبرێتە ناوەندێکی پزیشکیی شاری ورمێ بەڵام لەبەر قورسبوونی برینەکانی گیانی لەدەست دا.

ئەم کاسبکارە ٤٢ ساڵەیە باوکی منداڵێک و خەڵکی گوندی «کۆلسەی سەروو»ی شاری سەردەشتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بوو.