بە هۆی ڕووداوێکی هاتووچۆوە کە شەوی ڕابردوو، یەکشەممە ٢٥ی ڕەزبەر لە نزیک گوندی «کێلە»ی شاری بانەی پارێزگای کوردستان ڕووی داوە، دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی سامان مەحموودی و جەمال مەحموودی گیانیان لەدەست داوە و سێ کۆڵبەری تریش بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شەوی ڕابردوو ئۆتۆمبێلی دەستەیەک کۆڵبەر لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی تردا بەر یەک کەوتوون و ئۆتۆمبێلی کۆڵبەرەکان وەرگەڕاوە. لە ئەنجامی ئەم ڕووداوەدا دوو کۆڵبەر دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە و سێ کەسی تریش بریندار بوون کە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانە کراون.

بەپێی ئامارە کۆکراەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی خەرمانانی ١٤٠٠دا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ٨ کۆڵبەری کورد گیانیان لەدەست داوە. ٥ کەس لەمانە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران و ٢ کەسی تریان بە درۆنەکانی ئەرتەشی تورکیا کوژراون و کۆڵبەرێکیش لە کاتی ڕاوەدوونان و هەڵهاتندا لەدەست هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران، تووشی وەستانی دڵ بووە و گیانی لەدەست داوە. هەروەها لانیکەم ٥ کۆڵبەریش لە ئەنجامی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران و کۆڵبەرێکی تریش بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە بریندار بوون.