لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکاندا لە دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود، ئەیوب محەممەدی، کۆڵبەری لاوی خەڵکی جوانڕۆ، گیانی لە دەست دا و ٦ کۆڵبەری دیکەیش بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی ١٨ی پووشپەڕ (٨ی جولای) لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی کرماشان دەستەیەک کۆڵبەر لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا ٧ کۆڵبەر بریندار بوون.

ئەم کۆڵبەرانە گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی قودسی شاری پاوە، بەڵام ئەیوب محەممەدی، کۆڵبەری لاوی خەڵکی جوانڕۆ، بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.

ناسنامەی پێنج لە کۆڵبەرە بریندارەکان مەسیح مورادی، ئەیوب مورادی، مێهران عەبدی، مێهدی بەشارەتی و پەیمان وەیسی ڕاگەیەنراوە.

ئەیوب محەممەدی، ٢٩ ساڵان، باوکی منداڵێک و خەڵکی گوندی «کۆگا»ی سەلاسی باوەجانی و دانیشتووی جوانڕۆ بوو.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە جۆزەردانی ئەمساڵدا سینا ڕەسوولزادە و هەژیر مەحموودپوور، دوو کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت و جوانڕۆ، بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و سەردەشتدا کوژراون. ڕەحیم ئیبراهیمییش لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت دوای ڕاوەدوونران لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە کەوتە ناو ڕووبارەوە و گیانی لە دەست دا.

هەروەها لانیکەم ٤ کۆڵبەر بە دەسڕێژ و دوو کۆڵبەریش بە لێدان و ئەشکەنجەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کوردستان بریندار بوون.