لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەكانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرماشاندا، کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی هەژیر مەحموودپوور گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئێوارەی سێشەممە ١٥ی جۆزەردان (٤ی مەی) هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کرد کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی هەژیر مەحموودپوور بە سەختی بریندار بوو.

ئەم کۆڵبەرە کە بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی قودسی پاوە کرابوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە هۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا شەش کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی شوانە ئەحمەدپوور، هێمن ئەحمەدی، جەلال سوهرابی، عەتا ڕوستەمپوور، سالار ئەحمەدی و واحید قادرپوور لە ناوچە سنوورییەکانی بانە، سەقز و سەردەشت بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون.