بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٤ی خەرمانان (٢٦ی ئاگۆست) دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی «بڕوێشکانی»ی شاری بانەی پارێزگای کوردستان کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی ٣٤ ساڵان بە ناوی ڕێبوار ڕەشیدی دەستبەجێ کوژراوە.

یەک لە هاوڕێیانی ئەم کۆڵبەرە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «کاتژمێر ١ی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی لە سنووری بڕوێشکانیی بانە، ڕێبوار ڕەشیدی لەگەڵ چەند کۆڵبەرێکی تردا لە کاتی گەڕانەوە لە سنوور بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و لە مەودای نزیکەوە لە لایەن سەربازگەی سنووریی «حەجەرە»وە کەوتنە بەر دەسڕێژەوە کە لە ئەنجامدا ڕێبوار ڕەشیدی کوژرا».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، گوللەیەک بەر ڕێبوار ڕەشیدی کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە. ئەم کۆڵبەرە ٣٤ ساڵەیە دانیشتووی شاری بانە و باوکی منداڵێکی کچی تەمەن ٣ ساڵان بوو. هاوسەرەکەیشی دووگیانە و منداڵی دووهەمی نزیکەی مانگێکی تر لەدایک دەبێت.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «ڕێبوار ڕەشیدی پێشتر لە بانە سەرقاڵی کاری ڕاکێشانی بۆری بووە بەڵام لەبەر بێکاری لە ٤ ساڵ لەمەوپێشەوە پەنای بردبووە بەر کۆڵبەریکردن لە ناوچە سنوورییەکانی بانەدا».

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تەنها لە یەک مانگی ڕابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزە سنوورپارێزەکاندا لانیکەم ٥ کۆڵبەر کوژراون و ١٢ کۆڵبەری تریش بریندار بوون. هەروەها ٣ کۆڵبەری تریش لە کاتی کۆڵبەری لەم ناوچە سنوورییانەدا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بە قورسی بریندار بوون.

فەرماندەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران مانگی ڕابردوو و لە بەسەرکردنەوەی سەربازگە سنوورییەکانی بانەدا ڕایگەیاندبوو: «سنوورەکانی بانە لە حەفتاشەوە تا بروشکانی لە ٢ ماانگی داهاتوودا دادەخرێن و دەستوورمان داوە هیچ کەسێک بەبێ دەستوورەکانی سنوورپارێزان لە سنوورەوە هاتوچۆ نەکات و ئەگەر کەسێک یاسا پێشێل بکات بە توندی ڕووبەڕووی دەبینەوە».