لە درێژەی کوشتنی سیستماتیکی کۆڵبەراندا، لە ڕۆژی چوارشەممەوە و لە ئەنجامی تەقە و دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکاندا، لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانەی پارێزگای کوردستان کۆڵبەرێک کوژراوە و دوو کۆڵبەری تر بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٩ی خەرمانان (٣١ی ئاگۆست) دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی «مەروێ»ی بانە لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە کەتوونەتە بەر دەسڕێژەوە کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی ٢٣ ساڵانی خەڵکی سەردەشت بە ناوی ساڵح ڕەشیدزادە کوژراوە.

پێشتر و لە ساڵی ١٣٩٨دا (٢٠١٩) برایەکی تری ئەم کۆڵبەرە بە ناوی محەممەد ڕەشیدزادە لە ناوچەی سنووریی «باژاڕ»ی سەردەشت بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان کوژرابوو.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی خەرمانان (١ی سێپتامبر) دوو کۆڵبەری تر بە ناوەکانی کەریم ڕەسوولی، ٤٠ ساڵان و خەڵکی بانە و ڕەزا حەسەنی، ٣٠ ساڵان و خەڵکی «سەرشیو»ی سەقز بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچە سنوورییەکانی بانە بریندار بوون.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تەنها لە یەک مانگی ڕابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزە سنوورپارێزەکاندا لانیکەم ٧ کۆڵبەر کوژراون و ١٢ کۆڵبەری تریش بریندار بوون. هەروەها ٣ کۆڵبەری تریش لە کاتی کۆڵبەری لەم ناوچە سنوورییانەدا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بە قورسی بریندار بوون.

ساڵح ڕەشیدزادە لەسەر گۆڕی براکەی محەممەد ڕەشیدزادە کە ساڵی ١٣٩٨ (٢٠١٩) لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت کوژرابوو