لە ماوەی ٤ ڕۆژی ڕابردوودا ٩ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت، بانە و نەوسوود لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان لە ئەنجامی تەقە و دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکاندا بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خەرمانان (٤ی سێپتامبر) لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان لە کۆڵبەران لە سێ ناوچەی سنووریی نەوسوودی پارێزگای کرماشان، کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی ئێقباڵ عەلیزادە و سێ کۆڵبەری خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە ناوەکانی هیممەت عەبدی، عەلی ئەحمەدی و پەرویز مورادی بریندار بوون.

لە حاڵەتێکی تردا، ڕۆژی هەینی ١١ی خەرمانان (٢ی سێپتامبر) لە ئەنجامی تەقە و دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان لە کۆڵبەران لە دوو ناوچەی سنووریی شاری بانە، سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی محەممەد ئەسڵانی، خەڵکی گوندی «زۆران»ی سەردەشت، ناسێح کەریمزادە، ٢٣ ساڵان و ڕزگار مەجیدی، هەردووکیان خەڵکی بانە، بریندار بوون.

لە ڕێکەوتی١٠ی خەرمانانیشدا (١ی سێپتامبر) دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی ئەیوب مەولوودی، خەڵکی گوندی «تین»ی پاوە و عەبدوڵڵا جەبارزادە، ٢٧ ساڵان و خەڵکی سەردەشت، بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود و سەردەشت بریندار بوون.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تەنها لە یەک مانگ و نیوی ڕابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزە سنوورپارێزەکاندا لانیکەم ٧ کۆڵبەر کوژراون و ٢١ کۆڵبەری تریش بریندار بوون. هەروەها ٣ کۆڵبەری تریش لە کاتی کۆڵبەری لەم ناوچە سنوورییانەدا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بە قورسی بریندار بوون.