لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی ئاکام محەممەدزادە و زەکەریا عەبدی بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و داکەوتن لە بەرزاییەوە لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و نەوسوود بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی گوڵان (١١ی مەی) کۆڵبەرێکی ٢٧ ساڵانی خەڵکی بۆکان بە ناوی ئاکام محەممەدزادە لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە کەوتووەتە بەر دەسرێژی هێزە سنوورپارێزەکان و بریندار بووە.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی گوڵان (١٠ی مەی) کۆڵبەرێکی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە ناوی زەکەریا عەبدی لە کاتی کۆڵبەریدا لە بەرزاییە سنوورییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرماشانەوە کەوتووەتە خوارەوە و بریندار بووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا (٢١ی مارس تا ٢٠ی ئاوریل) کۆڵبەرێک بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچە سنوورییەکانی بانە بریندار بووە و دوو کۆڵبەریش کەوتوونەتە ناو ئاوبەندی عەباسئاوای ئەم شارە و گیانیان لەدەست داوە.