بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی پووشپەڕ (٤ی جولای) هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی نەوسوودی پارێزگای کرماشان دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی هێمن مەحموودی بە سەختی بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرەی خەڵکی گوندی «کانی ڕەش»ی سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی کە چاو و سینگی پێکراوە، بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی تاران کراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مانگی ڕابردوودا، لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و نەوسوودی پارێزگاکانی کوردستان و کرماشان، دوو کۆڵبەر بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و جەڵدەی دڵ گیانیان لە دەست داوە. هەروەها ١٦ کۆڵبەریش بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و داکەوتن لە بەرزاییەوە بریندار یان تووشی زەبری قورس بوون.