لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی محەممەد ڕەشیدپوور، ئەکبەر ڕازنەهان و دلاوەر فەرامەرزی لە ناوچە سنوورییەکانی بانەی پارێزگای کوردستان و نەوسوودی پارێزگای کرماشان بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شەوی ڕابردوو ٢١ی بەفرانبار (١١ی ژانڤییە) دەستەیەک کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی ساچمەی هێزە سنوورپارێزەکان کە لە ئەنجامدا ئەکبەر ڕازنەهان و دلاوەر فەرامەرزی، دوو کۆڵبەری خەڵکی گوندی «تین»ی پاوە، بریندار بوون.

ئەم دوو کۆڵبەرە گوللەی ساچمە بەر پێیان کەوتووە و بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی پاوە کراون.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بەفرانبار (١٠ی ژانڤییە) کۆڵبەرێکی ١٨ ساڵان بە ناوی محەممەد ڕەشیدپوور لە ناوچەی سنووریی «کونەسوور»ی بانە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان بریندار بووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی شۆڕش خەرگووشی و میرزا ئەحمەدی لە ناوچە سنوورییەکانی بانە کوژراون. میرزا ئەحمەدی، کۆڵبەرێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت و باوکی ٢ منداڵ بوو کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و بەلووچستان سەرقاڵی کۆڵبەری و گواستنەوەی سووتەمەنی (سووختبەری) بوو.

محەممەد ڕەشیدپوور