ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەشەمە (٦ی مارس) هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە کۆڵبەرێکیان بە ناوی زانیار سەیاحی دەستبەسەر و پاشان ئەشکەنجە کردووە. ئەم هێزانە پێش ئازادکردنی ئەو کۆڵبەرە ناچاریان کردووە جلوبەرگەکەی لەبەر دابکەنێت و پاشان لە مەودای چەندمەترییەوە بە چەکی ساچمەزەن دەسڕێژیان لێ کردووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی ١٦ی ڕەشەمە (٦ی مارس) موستەفا مورادی، لە بەرپرسانی بنکەی یەکەی سنوورپارێزیی ناوچەی «هەنگەژاڵ»ی بانە، کۆڵبەرێکی بە ناوی زانیار سەیاحی دەستبەسەر کردووە و لەگەڵ هێزەکانی ناو بنکەکەدا ئەشکەنجەیان داوە. ئینجا سەرەتا ڕووتیان کردووەتەوە و پاش ئازادکردنی لە مەودای چەندمەترییەوە بە چەکی ساچمەزەن دەسڕێژیان لێ کردووە.

قاچێکی زانیار سەیاحی بە دەیان گوللەی ساچمە پێکراوە و بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی تەورێز کراوە. دەوترێت ئەم کۆڵبەرە بریندارە لە دۆخێکی ناجێگیردایە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی مەنسوور محەممەدنژاد، جەبار وەیسی و سەیوان سەحیحی لە ناوچە سنوورییەکانی پاوەی پارێزگای کرماشان و سەقز و بانەی پارێزگای کوردستان بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆڵبەرێکیش بە ناوی هۆشیار مەحموودی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان نەوسوود و هەرێمی کوردستان بە دەسڕێژی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێراق کوژراون. هەروەها کۆڵبەرێکی دیکەیش بە ناوی فەرید ڕووبینا لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوانی پارێزگای کوردستاندا بە هۆی ڕەقبوونەوە لە سەرمادا گیانی لە دەست داوە.