ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خاکەلێوە (٢٤ی مارس) کۆڵبەرێکی ٢٢ ساڵان بە ناوی سۆران عەبدی لە ناوچە سنوورییەکانی بانە کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و گیانی لە دەست دا. هاوکات کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی محەممەدبایر محەممەدی بە هۆی جەڵدە و وەستانی دڵەوە لە کاتی کۆڵبەریدا لە ناوچە سنوورییەکانەی نەوسوودی کرماشان گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نیوەڕۆی ٥ی خاکەلێوە (٢٤ی مارس) هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کرد کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کۆڵبەرێک بە ناوی سۆران عەبدی بە سەختی بریندار بوو.

ئەم کۆڵبەرە ٢٢ ساڵەیە لە کاتی گوازرانەوەدا بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی بانە بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.

هاوکات کۆڵبەرێک بە ناوی محەممەدبایر محەممەدی، خەڵکی گوندی «زیران»ی جوانڕۆ، لە کاتی کۆڵبەریدا لە ناوچە سنوورییەکانەی نەوسوود تووشی جەڵدە و وەستانی دڵ بوو و گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕەشەمەی ١٤٠٢دا (فێبرییە و مارسی ٢٠٢٤) چوار کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی جەعفەر فەرەجی، عەلی زەرغامی، محەممەد گەنجە و عەتا حسەینی لە ناوچە سنوورییەکانی سەقز، بانە، پیرانشار و نەوسوودی کرماشان بە دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون. هەروەها ڕەحیم محەممەدزادە، کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت، دوای دەستبەسەرکران لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە لەژێر ئەشکەنجەی سەختدا گیانی بەخت کردووە و تەرمەکەیشی لەسەر شاخێکەوە هەڵدراوەتە خوارەوە. دوو کۆڵبەریش بە ناوەکانی ئارام مەنووچێهری و سەیوان باتر کە خەڵکی مەریوان بوون، بە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلەکەیانەوە لە ئەنجامی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی ئێراندا گیانیان لە دەست داوە.