ئەسعەد ئێسپەندار، کۆڵبەری لاوی خەڵکی سەردەشت، لە ناوچە سنوورییەکانی بانە کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، شەوی پێنجشەممە ٨ی خەرمانانی ١٤٠٣ (٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی «ئاڵوەت»ی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا ئەسعەد ئێسپەندار گوللەیەک بەر کەمەری دەکەوێت و بە قورسی بریندار دەبێت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە سنوورپارێزەکان بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر ڕێگرییان کردووە لە گواستنەوەی ئەم کۆڵبەرە بریندارە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی شاری بانە و هەر بۆیە ئەسعەد ئێسپەندار بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٩ی خەرمانان (٣٠ی ئاگۆست) بە هۆی خوێنلێچوونی فراوانەوە گیانی لە دەست داوە.

ئەسعەد ئێسپەندار، ٢٤ ساڵان و خەڵکی گوندی «قوڵەسوێر»ی سەردەشت بوو.