هادی ڕۆستەمی، زیندانیی مەحکووم بە بڕینەوەی ٤ پەنجەی دەستی ڕاست، لە لایەن لقی ١ی دادگای کەیفەریی ورمێوە بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە بەرپرسی زیندانی ناوەندیی ورمێ» و «تێکدانی نەزمی زیندان» حوکمی ٤ ساڵ زیندان و ٨٠ قامچی بەسەردا سەپا، ئەمە لە حاڵێکدایە کە دانیشتنی دادگا بۆ لێکۆڵینەوە لەم تۆمەتانە بەڕێوە نەچووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم زیندانییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند: «لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەم زیندانییە بانگ کراوەتە بەردەم نووسینگەی ئیجرای ئەحکامی زیندانی بۆکان و حوکمی ٤ ساڵ زیندان و ٨٠ قامچیی بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە ”سوهرابی”، بەرپرسی زیندانی ناوەندیی ورمێ» و «تێکدانی نەزمی زیندان» پێ ڕاگەیەنراوە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دەرچوونی ئەم حوکمە لە حاڵێکدایە کە دانیشتنی دادگا بۆ لێکۆڵینەوە لەم تۆمەتانە بەڕێوە نەچووە و تۆمەتەکانی پێ ڕانەگەیەنراوە.
هادی ڕوستەمی لە ڕێکەوتی ٣٠ ڕێبەنداندا بە هۆکاری نادیار لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە دوور خرایەوە بۆ زیندانی بۆکان. پێشتریش لە رۆژی یهكشهممه٢٦ی بهفرانبار (١٤ی فێبریه)، حوكمی ٦٠ قامچیی ئهم زیندانه له لقی ٨ی ئیجرای ئهحكامی دادسهرای گشتی و شۆڕشی ورمێدا جێبهجێ كرا، جێبهجێكردنی ئهم حوكمه نامرۆڤانهیه له حاڵێكدایه كه ناوبراو له دوو مانگی ڕابردوودا دوو جار به خواردنی شیشه ههوڵی خۆكوشتنی داوه و لهڕووی جهستهیی و تهندروستییهوه له دۆخێكی زۆر خراپدایه.
دوابهداوی جێبهجێكرانی ئهم حوكمه ڕێكخراوی لێبوردنی نێونهتهوهیی به بڵاوكردنهوهی ڕاپۆرتێك ڕایانگهیاندبوو كه بهرپرسانی ئێران به لێدانی ٦٠ قامچی له هادی ڕۆستهمی، له بهندكراوانی زیندانی ورمێ، بە ناشیرینترین شێوە بێبەزەییبوونی سیستەمە دادوەرییە سەرتاپا پڕکێشەکەی ئێرانی وەبیر جیهان هێنایەوە. ئهم ڕێكخراوەیە داوای لە بەرپرسانی ئێران کردووە دەستبەجێ حوکمی بڕینەوەی ئەندامی لەشی هادی ڕوستەمی هەڵبوەشێننەوە و پێداویستی و خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویستی بۆ دابین بکەن.
ئهم بهندكراوه لە مانگەکانی بەفرانبار و رێبەندانی ساڵی ١٣٩٩ بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرانبەر بە ڕاگرتنی لە بەندی ئەمندا و مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمەکەی، دوو جار لە ڕێی خواردنی شیشەوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە. بە درێژایی ئەم ماوەیە و سەرەڕای پێویستیی خێرای هەناردنی ئەم زیندانییە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان، بەرپرسی بەشی پشکنین و سەرۆکی زیندان بەریان بەم کارە گرتووە و سەرەڕای دۆخی ناجێگیری تەندروستیی ناوبراو، کەچی هەر لە زینداندا ڕاگیراوە. ئەم زیندانییە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا و لەبەر بوونی وردەشیشە لە ناو کۆئەندامی گەدەیدا، چەندین جار تووشی خوێن لەبەرچوونی ناولەش بووە.
هادی ڕوستەمی لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزدا بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە دوور خرایەوە بۆ زیندانی تەورێز، بەڵام بەرپرسانی زیندانی تەورێز ئامادە نەبوون بۆ ماوەیەکی درێژ وەری بگرن و هەر بۆیە دوای ڕۆژێک گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.
هادی ڕوستەمی لە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەز و لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ عەلی ئەکبەر گەڕووسی، سەرۆکی دادگوستەریی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، وێڕای ئاماژەدان بە ئەشکەنجەدران لە کاتی دەستبەسەربوون لە ئیدارەی ئاگاهیدا و دەرچوونی حوکمی نادادپەروەرانە بۆ خۆی و هاودۆسیەکەی تری لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانەی بە ئەشکەنجە وەرگیراون، داوای لێکۆڵینەوەی دووبارە و هەڵوەشاندنەوەی حوکمی بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی کردبوو.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی پێشتر و لە سەرماوەزی ئەمساڵدا بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی شیکارییانەی چڕوپڕ ڕایگەیاندبوو کە بەرپرسانی ئێران دەبێ یەکسەر بەرنامەی بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی ڕاستی هادی ڕوستەمی و ٥ پیاوی زیندانیی دیکە ڕابگرن، هەروەها وتبووی ئەم حوکمە دوای موحاکەمەیەکی نادادپەروەرانە و بەپێی کۆمەڵە دانپێدانانێک بووە کە لە ژێر ئەشکەنجەدا وەرگیراوە و بەم شێوەیە تۆمەتی دزییان لەسەر سەلماوە.
بە پێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هەنووکە ٦ زیندانی بە ناوەکانی هادی ڕوستەمی ٣٣ ساڵان، مەهدی شەرەفیان ٣٧ ساڵان، مەهدی شاهیوەند ٤٢ ساڵان، شەهاب تەیمووری ٣٥ ساڵان، مێهرداد تەیمووری ٣٩ ساڵان و کەسرا کەرەمی ٤٠ ساڵان، بە تۆمەتی «دزی» مەحکووم کراون بە بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستیان.