حیکمەت ئەمیری، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی دێولان کە لە بواری ژینگەپارێزی و بەرەنگاربوونەوەی گرفتە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکە، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی دێولانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «هاوکاریکردنی گرووپە دژبەرەکان» سزای ٦ مانگ بەندکران و ٣٦ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دوابەدوای تۆمارکردنی سکاڵایەک لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولانەوە، دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارە دۆسیەیەکی بۆ ئەم چالاکە مەدەنییە کردەوە و لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا (فێبرییەی ٢٠٢٤) بەبێ پارێزەری دیاریکراوی خۆی دادگایی کرا.

بەپێی ئەو حوکمەی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە فەرمی پێی ڕاگەیەنراوە، حیکمەت ئەمیری لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی دێولانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕوستەمی‌ئەحمەر بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «هاوکاریکردنی گرووپە دژبەرەکان» سزای ٦ مانگ بەندکران و ٣٦ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی دیکەی بەسەردا سەپاوە.

حیکمەت ئەمیری لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی چالاکییەکانیەوە لە بواری ژینگەپارێزیدا چەندین جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کراوە.