ڕۆژی شەممە ٢٣ی پووشپەڕ (١٣ی جولای) عوسمان دڵسۆز و هەژار دڵسۆز، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «زێوکە»ی پیرانشار، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٢ ساڵ بەندکران ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کران.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم دوو هاووڵاتییە لە گوڵانی ئەمساڵدا (مەیی ٢٠٢٤) لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی دووی پیرانشارەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا، هەرکامە سزای ٢ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

عوسمان دڵسۆز، ٦٦ ساڵان و هەژار دڵسۆز، ٣٠ ساڵان، ڕۆژی ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ (٥ی جولایی ٢٠٢٢) بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری ورمێ.

ئەم دوو هاووڵاتییە دوای نزیکەی ٢ مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کران.