لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە بە ناوەکانی مەریەم سادقی و ئارمین ئێسپێرلووس لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» هەرکامەو سزای ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێردراویان بەسەردا سەپاوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە دادگای مەریەم سادقی، چالاکی کرێکاری و لە ئەندامانی کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ دروستکردنی دامەزراوە کرێکارییەکان، لە مانگەکانی ڕابردوودا لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بەڕێوە چووە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمەکەی بە فەرمی پێ ڕاگەیەنراوە.

ئەم چالاکە کرێکارییە لە ڕێکەوتی ١ی گەڵاڕێزاندا و دوابەدوای بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسی دایە ئاسیە عەزیمی، دایکی دوو گیانبەختکردووی کۆمەڵە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و دوای ١٢ ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

دادگای ئارمین ئێسپێرلووس، چالاکی ژینگەپارێز، لە ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەز لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بەڕێوە چوو و ڕۆژی شەممە ٢٥ی بەفرانبار حوکمەکەی بە فەرمی پێ ڕاگەیەنراوە.

ئەم چالاکە ژینگەپارێزە لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەری ئەمساڵدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و دوای ٢٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

ئارمین ئێسپێرلووس پێشتر و هاوکات لەگەڵ ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکانی ژینگەپارێز و ئەندامانی لقی کوردستانی پارتی یەکێتیی نەتەوەییدا، لە بەرواری ٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٧دا دەستبەسەر کرابوو و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. ناوبراو لە ڕەشەمەی ١٣٩٨دا بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» حوکمی ٣ مانگ و ڕۆژێک زیندانی بەسەردا سەپا.