بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ٤ ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-دیواندەرە بە ناوەکانی ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئسیلامیی سنەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکاندا سزای بەندکرانیان بۆ بڕاوەتەوە.

بەپێی ئەم حوکمە، ئومید شامحەممەدی سزای ٥ ساڵ بەندکران و پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی هەرکامە سزای ٥ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراویان بەسەردا سەپاوە.

ناوەکانی ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی لە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەرداندا (١٥ی ژوەن) بە هۆی چالاکیی پیشەیی و بەشداریکردن لە مانگرتنی پیشەیی مامۆستایاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکانی خۆیان لە شاری دیواندەرە دەستبەسەر کران.

ئەم چوار چالاکە پیشەییەی مامۆستایانی کوردستان دوای ٧٦ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنەدا، هەرکامە بە بارمتەی یەک میلیارد و پێنسەد میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.