بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سیامەک داوودی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سنە، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای سۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی، بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆیی/دەرەکیی ئێران» سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

دادگای ئەم هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ١٥ی بەفرانباردا (٥ی ژانڤییە) بەبێ بوونی پارێزەر بەڕێوە چوو و حوکمەکەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێ ڕاگەیەنراوە. دوای تانەدانی سیامەک داوودی لەو حوکمە، دۆسیەکە ڕەوانەی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستان کراوە.

سیامەک داوودی، ٢٠ ساڵان و خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ١٢ی گەڵاڕێزاندا (٣ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لە شوێنی کارەکەی لە مەیدانی نەبوەت دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ناوبراو بۆ ماوەی دوو حەفتە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات خرایە ژێر لێپرسینەوە و پاشان بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا.

ئەم هاووڵاتییە دوای ٨٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە ڕێکەوتی ١ی ڕێبەنداندا (٢١ی ژانڤییە) بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.