بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا عەلی گوڵمحەممەدی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا سزای ٢٢ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. ئەم حوکمە لە حەفتەکانی ڕابردوودا بەم هاووڵاتییە ڕاگەیەنراوە.

عەلی گوڵمحەممەدی ڕۆژی ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠١ (١٥ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) بەبێ هیچ مۆڵەتێکی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان گوازرایەوە بۆ زیندانی ئەم شارە و لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەنداندا (١٦ی فێبرییە) بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

ناوبراو لە ماوەی لێپرسینەوەکاندا لە مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوو.