بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٠ی گوڵان (١٠ی مەی) سەیدجەلال ئەکبەری، بەرنوێژی مزگەوتی گوندی «دگاگا»ی سەوڵاوای پارێزگای کوردستان، لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» سزای دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپاوە.

ئەم مامۆستا کوردە سوننەیە ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی دادگادا بانگهێشتی دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدان کرابوو و پاش ئامادەبوونی لە بەردەم دادگاکەدا، ئەم حوکمەی پێ ڕاگەیەنراوە.

لە سەرەتای خاکەلێوەوە (٢١ی مارس) تا ئێستا لانیکەم چوار مامۆستای ئایینیی کورد بە ناوەکانی مامۆستا حسەین عەلیمورادی، مامۆستا سابیر خودامورادی، ئارمان سادقی و سەیدجەلال ئەکبەری لە شارەکانی سنە، سەقز، دێولان و سەوڵاوا لەبەر پێشکەشکردنی وتاری پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدانەوە سزای بەندکرانی هەڵپەسێردراو، قامچی و داماڵینی جلوبەرگی مامۆستایەتییان بەسەردا سەپاوە.