سادق مەحموودنژاد، یەک لەو خۆپیشاندەرانەی لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە پیرانشار چاوی پێکرا، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بە گشتی سزای ٥ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ئەم هاووڵاتییە پێشتر و لە گەلاوێژی ئەمساڵدا (ئاگۆست) لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی دووی پیرانشارەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی لە ڕێگای بەشداریکردنەوە لە خۆپیشاندانەکاندا» و «هاندانی خەڵک بۆ توندوتیژی لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە» سزای ٣ مانگ بەندکران و ٣٠ قامچیی بەسەردا سەپابوو.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەم هاووڵاتییە بریندارە لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بە گشتی سزای ٥ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

هەروەها لە حەفتەکانی ڕابردوودا سزای ٣ مانگ بەندکران و ٣٠ قامچیی ئەم هاووڵاتییە کە پێشتر لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی دووی پیرانشارەوە دەر کرابوو، گۆڕدراوە بۆ ٨ میلیۆن تمەن غەرامەی پارە.

سادق مەحموودنژاد، هاووڵاتیی ٢٣ ساڵانی خەڵکی پیرانشار، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢١ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی گوللەی ساچمەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی ئێران و چاوی بریندار بوو. سەرەڕای ئەنجامدانی چەندین نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی شارە جیاوازەکانی ئێراندا، چاوی چەپی تەنها لە سەدا بیست دەبینێت.

سادق مەحموودنژاد ڕۆژی ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢ (٣ی جولایی ٢٠٢٣) بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە پیرانشار دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە.

ئەم هاووڵاتییە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان برایە زیندانی نەغەدە و ڕۆژی ٢٤ی پووشپەڕ (١٥ی جولای) بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.