حەوت هاووڵاتی و چالاکوانی خەڵکی سەقز بە ناوەکانی سەفا عاییلی (خاڵۆی ژینا ئەمینی)، هیوا جیهانی، شێرکۆ (خالید) حیجازی، هیوا تاتایی، محەممەدئازاد ئەمینی، سەمیرا ئەحمەدی و ئومید موقەدەس لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا و لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقزەوە، بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆیی/دەرەکی»، «بانگەشەی دژ بە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران»، «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» سزای بەندکران، سزای پارە و سزای تەواوکەریان بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم هاووڵاتیانە ڕۆژی ١٨ی ڕێبەندان (٧ی فێبرییە) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقز بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد موستەفایی دادگایی کراون و ڕۆژی ٢١ی ڕێبەندان (١٠ی فێربییە) بە شێوەی فەرمی حوکمەکەیان پێ ڕاگەیەنراوە.

بەپێی حوکمەکە، سەفا عاییلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی، بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆیی/دەرەکی»، سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران، «بانگەشەی دژ بە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران» سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» سزای ١٥ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

لە بەشێک لە دادنامەکەدا و لەسەر سزاکان ئاوا نووسراوە: «بەپێی مادەی ٧ی یاسای کەمکردنەوەی سزای بەندکران، پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٩ (۲۰۲۰)، یەک لەسەر سێی گەورەترین سزاکە لە ڕێکەوتی دەرکردنی بڕیارەکەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵدەپەسێردرێت. بەڵام مەحکوومکراو دەبێ لە ماوەی هەڵپەساردنی سزاکەدا و بەپێی مادەکانی ٤١، ٤٢، ٤٣ ٢ ٤٨ی یاسای ئاماژەپێکراو و بە گەڕانەوە بۆ ناوەرۆکی دۆسیەکە، هاتوچۆی ئەو کەسانەی بەناوبانگن بە ئەنجامدانی ئەم تاوانە و ئەو شوێنانەی شیمانەی ئەنجامدانی تاوانەکەیان لێ دەکرێت، نەکات و هەموو مانگ جارێک بەشی جێبەجێکردنی سزا کەیفەرییەکان بۆچوونی ئیدارەی ئیتلاعات لەسەر دۆخی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیی تۆمەتبار وەربگرێت و بیخاتە سەر دۆسیەکە. هەروەها لە ماوەی هەڵپەساردنی سزاکەدا دەبێ سەرقاڵی فێربوونی پیشە (پیشەیەکی تایبەت) بێت و بەشداری لە سێ خولی پەروەردەیی و ئەخلاقی و بەتایبەت مەزهەبیدا بکات کە لە بەندی «ح»ێی مادەی ٤٣ی یاسای ئاماژەپێکراودا هاتووە. ژیاننامەی یەکێک لە شەهیدە ناسراوەکانی ئاژاوەکانی ساڵی ١٤٠١ (۲۰۲۲) [مەبەست کوژراوانی سەر بە حکومەتە] بخوێنێتەوە و تێگەیشتنی خۆی لە کتێبەکە لە چوارچێوەی وتارێکدا بنووسێت و ڕادەستی بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی بکات و بە دەنگ لە یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە پڕبەردەنگەکانی شاری سەقزدا بڵاوی بکاتەوە. ئاشکرایە ئەگەر ئەم بڕیارە جێبەجێ نەکات، بۆ جاری یەکەم یەک تا دوو ساڵ بۆ ماوەی هەڵپەساردنەکە زیاد دەکرێت و ئەگەر سەرپێچییەکە دووبارە بکاتەوە یاخود تاوانێکی بەئەنقەست ئەنجام بدات کە سزاکەی لە جۆری حەد، قەساس، دیە یان سزای ئاسایی تا پلە حەوت بێت، جیا لە سزای تاوانە تازەکە، بڕیاری هەڵپەساردنی ئەم سزایەیش هەڵدەوەشێتەوە و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەگەریش بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێ بکات ئەوا ئازادبوونەکەی مسۆگەر دەکرێت. لە پێناو جێبەجێکردنی مادەی ٢٣ی یاسای سزادانی ئیسلامیدا، پەسەندکراوی ١٣٩٢ (٢٠١٣)، جیا لە سزای سەرەکی و وەکوو سزای تەواوکەر، بڕیار دەدرێت بە قەدەغەبوونی چوونەدەرەوەی تۆمەتبار لە وڵات بۆ ماوەی دوو ساڵ».

هەروەها سەمیرا ئەحمەدی بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە پیلانگێڕیدا بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆیی» سزای ٣ ساڵ بەندکران و وەک سزای تەواوکەریش قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران بۆ ماوەی ٢ ساڵی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەم حوکمە، هیوا جیهانی و ئەمید موقەدەس بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە پیلانگێڕیدا بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆیی» هەرکامە سزای ٣٥ میلیۆن تمەن غەرامەیان بەسەردا سەپاوە و محەممەدئازاد ئەمینییش بە هەمان تۆمەت سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و وەک سزای تەواوکەریش قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران بۆ ماوەی ٢ ساڵی بەسەردا سەپاوە.

هەروەها شێرکۆ حیجازی، سەرۆکی پێشووی لیژنەی فووتباڵی سەقز، بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە پیلانگێڕیدا بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆیی» سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران، «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» سزای ٣١ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و وەک سزای تەواوکەریش، قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران بۆ ماوەی ٢ ساڵی بەسەردا سەپاوە.

دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقز سەبارەت بە سزای سەپێنراو بەسەر شێرکۆ حیجازیدا «بڕیاری هەڵپەساردنی دوو لەسەر سێی گەورەترین سزاکە بۆ ماوەی سێ ساڵ»ی دەرکردووە، بەڵام ئەویش وەک سەفا عاییلی ڕووبەڕووی سزای تەواوکەری قەدەغەبوونی «هاتوچۆکردنی ئەو کەسانەی بەناوبانگن بە ئەنجامدانی ئەم تاوانە و ئەو شوێنانەی شیمانەی ئەنجامدانی تاوانەکەیان لێ دەکرێت» بووەتەوە. بە هەمان شێوە ئەویش دەبێ «لە ماوەی هەڵپەساردنی سزاکەدا سەرقاڵی فێربوونی پیشە (پیشەیەکی تایبەت) بێت و بەشداری لە سێ خولی پەروەردەیی و ئەخلاقی و بەتایبەت مەزهەبی»دا بکات و «ژیاننامەی یەکێک لە شەهیدە ناسراوەکانی ئاژاوەکانی ساڵی ١٤٠١ (٢٠٢٢) [مەبەست کوژراوانی سەر بە حکومەتە] بخوێنێتەوە و تێگەیشتنی خۆی لە کتێبەکە لە چوارچێوەی وتارێکدا بنووسێت و ڕادەستی بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی بکات و بە دەنگ لە یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە پڕبەردەنگەکانی شاری سەقزدا بڵاوی بکاتەوە.» هەروەها بڕیار دراوە ئەگەر سەرپێچی لەو دەستوورە بکات «بۆ جاری یەکەم یەک تا دوو ساڵ بۆ ماوەی هەڵپەساردنەکە زیاد دەکرێت».

ئەم حەوت هاووڵاتی و چالاکە کوردە خەرمانانی ئەمساڵ (سێپتامبەری ٢٠٢٣) لە سەروبەندی ساڵیادی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.