چوار هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار و مەهاباد بە ناوەکانی سولەیمان سالک، عوسمان دڵسۆز، هەژار دڵسۆز و ئاکام خزرزادە لە لایەن دادگای کەیفەریی ٢ی پیرانشارەوە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە دەستە و گرووپدا بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» بە گشتی سزای ١٦ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا. ئەم سزایە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە شێوەی فەرمی بەم هاووڵاتیانە ڕاگەیەنراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سولەیمان سالک، ٧١ ساڵان و خەڵکی مەهاباد، سزای ١٠ ساڵ بەندکران و هەرکام لە ئاکام خزرزادە، ٢٨ ساڵان و خەڵکی گوندی «کانی بوداغ»، عوسمان دڵسۆز، ٦٤ ساڵان و هەژار دڵسۆز، ٣٠ ساڵان و خەڵکی گوندی «زێوکە»ی پیرانشار، سزای ٢ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

سولەیمان سالک ڕۆژی ٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ (٢٨ی ژوەنی ٢٠٢٢) لە جادەی مەهاباد بۆ پیرانشاردا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە ورمێ. ئەم هاووڵاتییە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا و ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ (١٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) بە بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

هەروەها عوسمان دڵسۆز، هەژار دڵسۆز و ئاکام خزرزادە لە ڕێکەوتی ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠١دا (٥ی جولایی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کران. هەژار دڵسۆز ڕۆژی ٧ی خەرمانان (٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) و عوسمان دڵسۆز و ئاکام خزرزادەیش ڕۆژی ٢٠ی خەرمانان (١١ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کران.