مێهدی مەجیدی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «پاڵپشتیکردن لە ڕژێمی زایۆنیستی»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» بە گشتی سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەو حوکمە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەم هاووڵاتییە ڕاگەیەنراوە. بەپێی حوکمەکە، مێهدی مەجیدی بە تۆمەتی «پاڵپشتیکردن لە ڕژێمی زایۆنیستی» سزای ٣ ساڵ بەندکران، «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ساڵێک بەندکران و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

ئەم هاووڵاتییە تانەی لە حوکمەکە داوە و دۆسیەکە نێردراوەتە بەردەم دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا. لە ئەگەری پەسەندکرانی حوکمەکەدا و بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی (یاسای کۆکردنەوەی سزاکان)، سزای ٣ ساڵ بەندکران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

مێهدی مەجیدی، هاووڵاتیی ٢٥ ساڵانی خەڵکی بۆکان، ڕۆژی ١٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٢ (٦ی نۆڤامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم هاووڵاتییە دوای ٤٠ ڕۆژ لێپرسینەوە لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا و دوای نزیکەی ٣ مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.