ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری مافەکانی ژنانی خەڵکی سنە، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «پێکهێنانی گرووپ و دەستەی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخاندنی حکومەت» سزای ١٠ ساڵ بەندکران، «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەردا» سزای ١٠ ساڵ بەندکران و «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دواکۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم ژنەچالاکە ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوە (٩ی ئاوریل) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەرەمی بەڕێوە چوو و لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەو حوکمە بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەنراوە.

بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی (یاسای کۆکردنەوەی سزاکان) لە کۆی ئەو ٢١ ساڵە، گەورەترین سزاکە واتە ١٠ ساڵ بەندکران لەگەڵ دوورخستنەوەدا بۆ زیندانی هەمەدان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. پارێزەرەکانی ژینا بە شێوەی فەرمی تانەیان لەو حوکمە داوە و دۆسیەکە بۆ تێهەڵچوونەوە ڕەوانەی بەردەم دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستان دەکرێت.

بەپێی حوکمەکە، «دامەزراندنی ئەنجومەنی ژیوانۆ بە ئایدیۆلۆژیای فێمێنیستییەوە بە مەبەستی ڕووخاندنی حکومەت»، «بەشداریکردنی مەبەستدار لە کۆبوونەوەدا و وتنەوەی دروشمی دژەباو و ڕووخێنەرانە»، «پێوەندیی بەردەوام لەگەڵ کەسانی دژەشۆڕشدا»، «بەشداریکردن لە کۆنفرانس و وۆرکشۆپی فێرکاریی نێودەوڵەتیدا»، «بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و وتووێژکردن لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی ئێراندا بە مەبەستی ڕەشکردنی بارودۆخی ئێران و تێکدانی فەزای کۆمەڵگا لە قۆناغی هەستیاری دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینیدا» وەک نموونە بۆ سەلماندنی تۆمەتەکان ڕاگەیەنراوە.

دادگای شۆڕشی ئیسلامی هەروەها ڕایگەیاندووە کە بەرپرسیارێتیی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ و هاندانی خەڵک بۆ کرداری توندوتیژ» لە ئەستۆی دادگای کەیفەریدایە و هەر بۆیە دۆسیەکەی ڕەوانەی بەردەم دادگای کەیفەریی ٢ی سنە کردووە.

دادگای شۆڕشی ئیسلامی بۆ ڕووبەڕووکردنەوەی ئەو تۆمەتانە و تاوانبارکردنی ژینا مودەڕیس گورجی، پشتی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بەستووە. ئەم دادگایە هەروەها ڕایگەیاندووە کە بەندکردنی ئەم چالاکەی مافەکانی ژنان لە زیندانی سنەدا بە هۆی «ئەگەری چالاکیی تێکدەرانەی ئەمنی» وەکوو «خراپەکاریی ئەمنی» وایە و بەپێی مادەی ٥١٣ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری، بڕیاری داوە کە سزاکە لە زیندانی هەمەداندا جێبەجێ بکرێت.

ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەوان و لە چالاکانی ناسراوی بزاڤی ژنانی کوردستان و ئێران، یەکەم جار لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی و لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١دا (٢١ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شەقامێکی سنەدا بە شێوەیەکی توندوتیژئامێز دەستبەسەر کرا و دوای ٤٢ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە بەندی ژنانی زیندانی سنە، لە ڕێکەوتی ١٠ی گەڵاڕێزاندا (١ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. دواتر تۆمەتی دیکەی ڕووبەڕوو کرایەوە و هەر بۆیە ڕێژەی بارمتەکە بەرز کرایەوە بۆ یەک میلیارد تمەن.

ئەم ژنەچالاکە کوردە ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (١٠ی ئاوریل) بۆ دووهەم جار لەدوای سەرهەڵدانی سەرانسەریی دژ بە کوشتنی ژینا ئەمینییەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ٨٤ ڕۆژ لە ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢دا (٣ی جولایی ٢٠٢٣) بە بارمتەی قورسی ٥ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە ئازاد کرا. ژینا یەکەم مانگی دەستبەسەربوونی لە ژووری تاکەکەسیی ئەم زیندانە و لە دۆخێکی دژواردا تێپەڕاندبوو.

ژینا مودەڕیس گورجی لە مەودای نێوان هەردوو جاری دەستبەسەرکردندا بە شێوەی بەردەوام لەژێر گوشار و چاودێریی دامودەزگا ئەمنییەکان و دەزگای دادوەریدا بوو. هەروەها خاکەلێوەی ئەمساڵ (ئاوریلی ٢٠٢٤) کتێبفرۆشیی «ژیرا» بە سەرپەرشتیی ژینا مودەڕیس گورجی، لە لایەن ئیدارەی چاودێریکردن بەسەر شوێنە گشتییەکانی سنەوە (ئەماکن) بە بیانووی «ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیسلامی» بۆ ماوەی چەند ڕۆژ داخرا.

یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم ژنە چالاکە لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا (١٢ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەکبەری، دووهەم کۆبوونەوە ڕۆژی ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ (١٣ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) و سێهەم کۆبوونەوە ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ (٩ی ئاوریلی ٢٠٢٤) لە هەمان دادگا و بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەرەمی بەڕێوە چوو.