بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سزای سێدارەی ٧ بەندکراوی سوننە بەناوەکانی “ئەنوەر خزری”، “کامران شێخە”، “خوسرۆ بەشارەت”، “داوود عەبدوڵلاهی”، “فەرهاد سەلیمی”، “قاسم ئابەستە” و “ئەیوب کەریمی” لەلایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتراستکردەوە و ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕێبەندنان / ٠٢.٠٣ بەفەرمی بە مەحمود عەلی زادە تەباتەبایی، پارێزەرەکەیان ڕاگەیەندراوە.

ئەو بەندکراوانە لە مانگی جۆزەردانی ساڵی پاردا / ٢٠١٨.٠٦، بە تۆمەتی “افساد فی‌الارض” لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەلەواتی بە سێدارە سزادرابوو و پاش ئەوەی پارێزەرەکەیان تانەی لەو سزایە داو دۆسییەکە بۆ لقی ٤١ی دیوانی باڵآی وڵات نێدرابوو. ئەو سزایە لەکاتێکدا لەلایەن دیوانی باڵآی وڵاتەوە پشتراستکراوەتەوە کە ئەو لقەی دیوانی باڵا پێشتر بەهۆی تەواونەبوونی بەڵگەی پێویست، سزای سێدارەی ئەو بەندکراوانەی ڕەتکردبووەوە کە پێشتر لە مانگی جۆزەردانی ١٣٩٥دا / ٢٠١٦.٠٦ لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بەسەریاندا سەپێندرابوو.

بەگوێڕەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، دیوانی باڵای وڵات کە پێشتر ئەو سزایەی ڕەتکردبووەوە ئەم جارە بەهۆی گۆشارەکانی ئیدارەی ئتلاعاتی ورمێ ناچاربووە سزای سێدارە بۆ ئەو ٧ بەندکراوە سوننەیە پەسندبکات.

ئەنوەر خزری و فەرهاد سەلیمی لەم ساڵانەی ڕابردوو بەبڵاوکردنەوەی دوو نامەی کراوە باسی ئەوەیان کردبوو کە سزاکە بەپێی دانپێدانانی زۆرەملیی چەند لەو بەندکراوانە دەرکراوە کە لە ژێر ئەشکەنجەدا لێیان وەرگیراوە.

سزای سێداە بە تۆمەتی “دژایەتیکردنی خوا (محاربە و افساد فی الارض)” بۆ ئەو بەندکراوانە دەرکراوە، ئەوە لە کاتێکدایە هەموو ئەو بەندکراوانە لە دانیشتنە جیاوازاکەانی دادگادا ئەو تۆمەتەیان ڕەتکردووەتەوە.

ئەنوەر خزری، کامران شێخە و خوسرۆ بەشارەت لە مانگی پووشپەڕی ساڵی پاردا  / ٢٠١٨.٠٧ لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ورمێوە بە تۆمەتی “کوشتنی مامۆستایەکی ئایینی سوننە بەناوی حەبدولڕەحیم تینا” دادگاییکران. ئەو سێ بەنکراوە لە ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ٩٧دا / ٢٠١٨.٠٧.٠٨ بانگکران بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکان لە بەندیخانەی ورمێ و سزاکانیان بەفەرمی پێڕاگەیەندرا.

بەپێی ئەو سزایانە هەر کامە لە ئەوەر خزری و خوسرۆ بەشارەت بە تۆمەتی “بەشداریکردن لە کوشتندا” بە ١٠ ساڵ بەندکران و کامران شێخە بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئەنقەست” بە سێدارە (قصاص نفس) سزادران. ئەو سێ بەندکراوە لە ئێستادا لە بەندیخانەی ڕەجایی سەهری کەرجدا بەندکراون.

ئەنوەر خری لە مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٧ دا / ٢٠١٩.٠٢ بە نووسینی “ئازارنامەیەک” ئاشکرای کردبوو کە لە کاتی لێکۆڵینەوەکانیدا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەو ئەشکەنجانەی بەرامبەری ئەنجامدراوە دەستی داوەتە هەوڵی خۆکوشتنی داوە. هەروەها لە ئازارنامەکەیدا باسی ئەوەی کردبوو ناوەندە دادوەرییەکان پێشێلکارییان بەرامبەر ئەو و هاودۆسییەکانی کردووە.

فەرهاد سەلیمیش لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا / ٢٠١٩.٠٨ نامەیەکی کراوە بۆ ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی دەزگای دادی ئێران نووسی و ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر پرۆسەی دادگاییکردنی خۆی و هاودۆسییەکانی. لەو نامەیەدا باسی ئەوەشی کردبوو کە بەرپرسانی ناوەندە دادوەرییەکان بەپێی یاسا لەگەڵیان نەجووڵاونەتەوە و ناوەندە ئەمنییەکانیش فشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەکانیان.

ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خوسرۆ بەشارەت، داوود عەبدوڵلاهی، فەرهاد سەلیمی، قاسم ئابەستە و ئەیوب کەریمی لە ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٨٨دا / ٢٠٠٩.١٢.٠٧ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و گواسترانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەو بەندکراوانە بۆ ماوەی ٨ مانگ لە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بەتۆمەتی دژایەتیکردنی خوا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ ئەنجامدرا و پاشان بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گواسترانەوە و بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ٢٤٠ و ٢٠٩دا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا. دواتر بەڕێکران بۆ بەندی ٣٥٠ و پاش ٢٠ ڕۆژ ڕەوانەی بەندیخانەی ڕەجایی شەهر کران.

لە کۆتاییەکانی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٤ / ٢٠١٦.٠٣، دانیشتنی دادگایی ئەو ٧ بەندنکراوە بە تۆمەتگەلی “هەستان بە تێکدانی ئاسایشی نەتەوە”، ئەندامبوونی گروپە سەلەفییەکان” و “افساد فی‌الارض” ل لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مۆقیسە بەڕێووەچوو و لە ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردانی ٩٥ / ٢٠١٦.٠٥.٢٥، بە سێدارە سزادران. پاش ئەوەی پارێزەرەکەیان تانەی لەو سزایە دا دۆسییەکەیان بۆ دیوانی باڵآو وڵات نێردرا و لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٩٥/ ٢٠١٧.٠٣ دا سزاکە ڕەتکرایەوە.