له ڕۆژانی ڕابردوودا هه‌واڵی په‌سه‌ندكرانی حوكمی لەسێدارەدانی حه‌یده‌ر قوربانی، به‌ندكراوی سیاسیی كورد کە به تۆمه‌تی «بەغی» پێشتر له لایه‌ن لقی یه‌كی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی سنه‌وه به سه‌رۆكایه‌تیی دادوه‌ر سه‌عیدی بۆی ده‌رچوبوو، له لقی ٢٧ی دیوانی باڵای ئێران ڕاگه‌یه‌ندرا.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له سنەوە وێڕای پشتڕاستکردنەوە ئه‌م هه‌واڵه به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی ڕاگه‌یاند: «ڕۆژی ١٥ی گه‌لاوێژ په‌سه‌ندكرانی حوكمی ئێعدامی قوربانی له لقی ٢٧ی دیوانی باڵای ئێران‌دا به شێوه‌ی فه‌رمی به هه‌ردوو پارێزه‌ری ناوبراو، نیكبه‌خت و جه‌وانمه‌ردی، ڕاگه‌یه‌نراوه».
به وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوه‌یه، پارێزه‌ره‌كانی ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه ده‌یانهه‌وێ به پێشکەشکردنی داواکارییەک بە دیوانی باڵای ئێران داوای پێداچوونه‌وه‌ی دووباره‌ی ئه‌م دۆسیه بكه‌ن. پارێزه‌رانی ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه به له‌به‌رچاوگرتنی دۆسیه‌یه‌كی دیكه‌ی ناوبراو له لقی یەکەمی دادگای كه‌یفه‌ریی یەکی سنەدا کە به تۆمه‌تی هاوده‌ستی له كوشتنی كه‌سێكدا حوکمی زیندانیکردنی بۆ دەرچووە، لەسەر ئەو باوەڕەن کە دەبێ له‌م دۆسیه‌یەشدا کە بە تۆمەتی بەغی حوکم دەرکراوە سه‌ر‌له‌نوێ دادگایی بکرێتەوە و پیاچوونه‌وه بە حوکمی لەسێدارەداندا بکرێت. چونکوو له دۆسیه‌کەی دادگای كه‌یفه‌ریدا هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نه‌دۆزراوەتەوە كه نیشاندەری ئەوە بێت ناوبراو چه‌كدار یان ئه‌ندامی یه‌كێك له حیزبه كوردییه‌كان بووبێ، هه‌ر بۆیه مه‌رجه‌كانی سەلماندنی تۆمەتی بەغی لە بەردەستدا نییه و ده‌رچوونی حوكمی ئێعدام و په‌سه‌ندكرانی له لایه‌ن دیوانی باڵای ئێرانه‌وه هیچ بنەمایەكی یاسایی نییه.
حه‌یده‌ر قوربانی، هاووڵاتیی خه‌ڵكی كامێران، ڕه‌زبه‌ری ١٣٩٥ لە لایەن هێزه ئه‌منییه‌كانی ئەم شارەوە ده‌ستبه‌سه‌ر و بۆ چه‌ندین مانگ له ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سنه و ئیداره‌ی پۆلیسی ئاگاهیی ئه‌م شاره‌دا له ژێر لێپرسینه‌وه و بۆ دانپێدانانی زۆرە ملی ئه‌شكه‌نجه‌دا دراوە.
ڕەشەمەی ١٣٩٦ دانپێدانانە ئیجبارییەکانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە کاناڵی پرێس تی‌ڤی و لە ژێر ناوی «شۆفیری مەرگ»دا بڵاو کرایەوە. ناوبراو لە مانگی ڕەزبەری ١٣٩٨دا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی یەکی سنەوە بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتنی بەئەنقەستدا (قەتڵی عەمد)»، «بریندارکردن بە چەک»، «یارمەتیدانی تاوانکاران بۆ ڕزگاربوون لە دەستگیری، دادگایی‌کران و سزادان»، «لکاندنی ژمارەی ئۆتۆمبیلێک بە ئۆتۆمبیلێکی دیکەوە»، «دەستپێکردنی پرۆسەی ڕفاندنی مرۆڤ» و «بەدەستهێنانی کەلوپەلی دزراو» بە گشتی حوکمی ١١٨ ساڵ زیندان و ٢٠٠ قامچیی بە سەردا سەپا.
ڕێبه‌ندانی ساڵی ڕابردوو لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی «بەغی له ڕێگه‌ی ئه‌ندامێتییەوە لە حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران‌دا» لە لقی یه‌كەمی دادگای ئینقلابی ئیسلامی سنەدا به سه‌رۆكایه‌تیی دادوه‌ر سه‌عیدی دیسان دادگایی کرایەوە و له ڕێكه‌وتی ٨ی ڕێبه‌نداندا و له زیندانی ناوه‌ندیی سنه بە فەرمی پێی ڕاگه‌یه‌نرا کە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.
ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه هه‌نووكه له به‌ندی زیندانییه سیاسییه‌كانی زیندانی ناوه‌ندیی سنه، واتە به‌ندی «پویشی یه‌ك»دایە.