بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، محەممەد ساڵح نیکبەخت، یەک لە پارێزەرانی حەیدەر قوربانی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، رۆژی سێشەممە ٢١ی گەلاوێژ داوای دادگاییکردنەوەی دووبارەی ئەم زیندانییە سیاسییەی پێشکەشی دیوانی باڵای ئێران کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان وت: «محەممەد ساڵح نیکبەخت لە قۆناغی لێپرسینەوە و دادگای یەکەمدا پارێزەری حەیدەر قوربانی نەبووە و ئێستە و لە قۆناغی پیاچوونەوەی کۆتاییدا پارێزەریی ناوبراوی لە ئەستۆ گرتووە. نیکبەخت ڕۆژی ڕابردوو لە دووتوێی داوانامەیەکی تەسەل و هەمەلایەنەدا داوای پیاچوونەوە بە حوکمەکەی لقی ٢٧ی دیوانی باڵای ئێرانی، کە تێیدا حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە پەسەند کراوە، بە فەرمی لەم سەرچاوە یاساییەدا تۆمار کردووە».
ئەم سەرچاوە ئاگادارە بەو زانیارییانەوە کە لە بۆچوونی یاسایی پارێزەری دۆسیەکە دەستی کەوتبوو، وتی: «دەشێت سێ هۆکار بۆ سەلماندنی نایاساییبوونی ئەم حوکمە دەستنیشان بکەین کە لە لایەن لقی ٢٧ی دیوانی باڵای ئێرانەوە دەرچووە؛ یەکەم ئەوەی کە تۆمەتی «بەغی» یان مادەکانی ٢٨٧ و ٢٨٨ی یاسای سزادانی ئیسلامیی ئێران، بە مەرجێک دەشێت بۆ حەیدەر قوربانی و حوکمی لەسێدارەدان ڕاست بێت کە کەسی باغی یان ئەندامی گرووپی باغی -واتە گرووپێک کە لە دژی کۆماری ئیسلامی ڕاپەڕینی چەکدارانەی کردووە- بۆ خۆی چەکدار بووبێت و بە شێوەی چەکدارانە ڕووبەڕووی حکوومەت بووبێتەوە. لە حاڵێکدا کە حەیدەر قوربانی لە هەموو قۆناغەکانی لێپرسینەوەدا پێداگر بووە لەسەر ئەوەی کە قەت چەکدار نەبووە و تا دواییش هەر لەسەر ئەم قسەیە ماوەتەوە».
بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە دۆسیەکەی حەیدەر قوربانی، گوشار و ئەشکەنجەکان نەیتوانیوە کار بکاتە سەر ئەم زیندانییە سیاسییە و ناوبراو بەردەوام جەختی لەسەر چەکدارنەبوونی خۆی کردۆتەوە و لە هەموو لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەکاندا وتوویەتی هەرگیز ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان نەبووە.
ئەم سەرچاوەیە درێژەی بە گێڕانەوەکەی لە زمانی ساڵح نیکبەختەوە دا و وتی: «تەنانەت ئەگەر لایەنگربوونی قوربانی بسەلمێت، ئاوا شتێک قەت شموولی مادەکانی ٢٨٧ و ٢٨٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی ناکات و لایەنگربوون ناکەوێتە نێو بڕگەکانی ئەم مادانەوە. بەدەر لەمە، ئەندامی ئەو حیزبە بووبێ یاخود نەبووبێ، دیسان هەر ناکرێ بە مادەی ٢٨٧ دادگایی بکرێت و تۆمەتەکەی نێو ئەو مادەیەی بە سەردا بسەپێت، چونکوو قەت دەستی بۆ چەک نەبردووە. تەنانەت ئەگەر بیشسەلمێت کە ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان بووە، تەنیا دەتوانن سزای پلە ٣ یان پلە ٥ی بۆ ببڕنەوە. یەک لە هۆکارەکانی دیکەی نایاساییبوونی دەرچوونی حوکمی لەسێدارەدان بۆ حەیدەر قوربانی دەگەڕێتەوە بۆ لێکۆڵینەوە ڕاست و دروستەکانی دادگای کەیفەریی ١ی سنە و هەروەها لقی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە؛ لەم لێکۆڵینەوانەدا ناوبراو تەنیا دانی بە کۆمەڵە تۆمەتێکدا ناوە کە دواجار ئەگەر بسەلمێنرێن، تەنیا دەشێت لە ژێر ناوی هاوکاریکردن لە کوشتندا پۆلێنبەندی بکرێت کە بۆ ئەم تۆمەتەش سێ حوکمی ٣٠ ساڵەی زیندانی بۆ بڕاوەتەوە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە: «حەیدەر قوربانی جگە لەو تۆمەتە هیچ تۆمەتێکی دیکەی وەک بەشداریکردن یان سەرپەرشتیکردنی کوشتنی لەسەر نییە و ئەگەر بەپێی یاسا لەگەڵیدا بجووڵنەوە، دەبێ سزاکانی هەر لەوەندەدا کۆرت هەڵبێت کە ئاماژەی پێ کرا. جیا لەمە دەبێ ئاماژە بەوەش بکەین کە تەنانەت خودی ئەم حوکمەش کە لە لقی یەکەمی داگای کەیفەریی ١ی سنەدا دەرچووە، لە لایەن هەر ئەم لقی ٢٧ـەی دیوانی باڵاوە ڕەت کراوەتەوە و گەڕینڕاوەتەوە بۆ پیاچوونەوەی دووبارە. هەر بۆیە هەتا دیسان بەم حوکمەدا نەچنەوە و یەکلایی نەبێتەوە، هیچ سەرچاوەیەکی دادوەری بۆی نییە لە دۆسیەیەکی دیکەدا حوکمی لەسێدارەدان بۆ ئەم بەندکراوە دەربکات یان بەڕێوەی ببات، چونکوو حوکمەکەی دادگای کەیفەری حوکمی حەقولناسە و «بەغی» حەقوڵڵایە، بەپێی یاسا و شەریعەتیش دەبێ سەرەتا حەقولناس دیاری و جێبەجێ بکرێت. لقی ٢٧ی دیوانی باڵا دەبوو تا کاتێک کە چارەنووسی حوکمەکەی دادگای کەیفەریی سنە لەم دادگایە و لە دادسەرای سنەدا دەرنەکەوتبا، خۆی لە لێکۆڵینەوەی تۆمەتی بەغی و پەسەندکردنی حوکمی ئێعدامەکە ببواردایەت، چونکوو بەپێی یاسا دەبێ سەرەتا حەقولناس بکەوێتە بەر لێکۆڵینەوە و دیاریکردن».

ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە کۆتاییدا بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند کە محەممەد ساڵح نیکبەخت پێی باش نەبووە لە ئێستەدا وردەکاریی لەمە زیاتر بدرکێنێت و تەنیا ئەوەی وتووە کە «حەیدەر قوربانی ئیدیعا دەکات کە ئەو تاوانانەش کە ئەنجامی داون لە ژێر گوشار و زەختی قورس و تاقەت‌پڕووکێنی ئەو کەسانەدا بووە کە هاوکارییانی کردووە».