به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی كوردستان، شەوی ڕابردوو سێ زیندانی به ناوه‌كانی داوود قاسمزاده، به‌هادین قاسمزاده و ئاره‌ش عەلیزادە له زیندانی ناوه‌ندیی ورمێ‌دا و لەبەر پێڕانه‌گه‌یشتنی پزیشكی بۆ بارودۆخی ته‌ندروستییان، ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی، له كاتی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینه‌دا لە به‌شێك له به‌ندی ئه‌منی ئه‌م زیندانەدا ئاگركه‌وتنه‌وه ڕووی دا.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار دوای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه به تۆری مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وت: «ئه‌م سێ به‌ندكراوه‌ی به‌ندی ئه‌من له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا نیشانه‌كانی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنایان بووه و دوای پشكنینیان له لایه‌ن پزیشكی نه‌خۆشخانه‌ی زیندانه‌وه فه‌رمان درابوو ده‌ستبه‌جێ بگوێزرێنه‌وه بۆ نەخۆشخانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی زیندان، به‌ڵام به‌رپرسانی زیندان داواکارییە پزیشکییەکەیان پشتگوێ خست و هەر بۆیە ئه‌م سێ به‌ندكراوه ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی، بەڵام دوای ئامادەبوونی هێزه‌كانی گاردی تایبه‌ت، هەر سێ بهندكراوهکە كه‌وتنه ژێر ئه‌شكه‌نجه و لێدانەوە و ڕه‌وانه‌ی سالۆنی پاسەوانیی سه‌ره‌كیی زیندان كراون».
به وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوه‌یە. له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی تووشبوونی سه‌رۆكی زیندان، سه‌رۆكی نه‌خۆشخانه و ژماره‌یه‌كیتر له به‌رپرسانی زیندان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاو ببوویەوە.
بارودۆخی دژواری زیندانی ناوه‌ندیی ورمێ له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا بۆته هۆی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی به‌رده‌وامی به‌ندكراوان له به‌نده جیاوازه‌كاندا و هەندێ لە بەندکراوانیش هەوڵی خۆکوشتنیان داوە. حه‌فته‌ی ڕابردوو شەش به‌ندكراوی ئه‌م زیندانه هەوڵی خۆکوشتنیان دا کە ئەم ڕووداوە بووە هۆی گیانلەدەستدانی یه‌ک لە زیندانییەکان بو ناوی كه‌ریم خاجه‌پوور.
به‌ندی ئه‌منی به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندیی ورمێ حه‌وت ژووری تاكه‌كه‌سی و سێ ژووری گشتیی تێدایه كه بۆ ڕاگرتنی زیندانییه تازه‌كان و ئه‌وانه‌ی كه ته‌مێ ده‌كرێن، به‌كار ده‌هێنرێن.
داوود قاسمزاده له كاتی ده‌ستبه‌سه‌ربووندا به هۆی بەرکەوتنی گوللەی هێزه نیزامییهكانەوە تووشی برینی نوخاع بووه و له سه‌ر ویلچهره، ناوبراو پێشتریش، له مانگی گوڵانی ئه‌مساڵدا، وەک ناڕه‌زایه‌تی لە ئاست مانەوەی خۆی و براكه‌ی به ناوی به‌هادین له زینداندا، ئاگری له‌جه‌سته‌ی خۆی به‌ر دا.
داوود و به‌هادین قاسمزاده له ڕێكه‌وتی ١٢ی سه‌رماوه‌زی ١٣٨٨ له شاری ورمێ ده‌ستبه‌سه‌ر كران. به‌هادین له‌دایكبووی ١٠ی سه‌رماوه‌زی ١٣٧٢ـە و له كاتی ده‌ستبه‌سه‌ربووندا تەمەنی ١٦ ساڵ بووه. ئه‌م دوو برا ساڵی ١٣٩١ له لایه‌ن دادگای كه‌یفه‌ریی ورمێوه به تۆمه‌تی كوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست سزای سێداره‌یان به‌سه‌ردا سه‌پاوه و ساڵی ١٣٩٢ ئه‌م حوكمه وه‌ك خۆی په‌سه‌ند كرایەوه.
ورمێ؛ ناڕه‌زایه‌تی و ئاگركه‌وتنه‌وه له به‌ندی ئه‌منی زینداندا
گیانبەختکردنی سێ هاووڵاتی لە هێرشەکانی سوپای پاسداران‌دا بۆ سەر کەمپ و بارەگاکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران
بە هۆی هێرشی درۆنی و مووشەکیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکان و بارەگایەکی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران...
زیاتر بخوێنەوەڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە ٢٤٠ هاووڵاتیی گیانبەختکردووی کورد لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی بەفرانباری ١٤٠٤دا
لە درێژەی ڕاپەڕین و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا جارجارە و لە شێوەی...
زیاتر بخوێنەوەهاووڵاتیانی گیانبەختکردووی کورد لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی بەفرانباری ١٤٠٤دا
دوابەدوای شەپۆلی نوێی خۆپیشاندانە جەماوەرییە بەربڵاوەکان لە شار و ناوچە جیاوازەکانی ئێران‌دا کە ڕۆژی ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٢٨ی دیسامبەری ٢٠٢٥)...
زیاتر بخوێنەوە