تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا سیامەک ئەدوایی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «سلێن»ی سەوڵاوای پارێزگای کوردستان، دوای دوو مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە لە زیندانی مەریوان ئازاد کراوە. 

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٠ی بەفرانبار لە ڕەوتی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی چالاکانی کورد بە دەستی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، لە گوندی سلێن دەستبەسەر کرا و گواسترابوویەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان. ناوبراو لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرا.

لە ڕەوتی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کورددا ٥ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی سلێن بە ناوەکانی ئەکرەم ئەدوایی، سیامەک ئەدوایی، فەردین ئەدوایی، بێهزاد ئەدوایی و عەبدولڕەحمان عەبدی بە دەستی هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کران. تا ئێستا ئەکرەم ئەدوایی، سیامەک ئەدوایی، فەردین ئەدوایی و بێهزاد ئەدوایی بە دانانی بارمتە ئازاد کراون، بەڵام عەبدولڕەحمان عەبدی هێشتا هەر لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریواندایە.