ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەز سەرجەم زیندانییانی بەندی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر دەنگۆی گواستنەوەیاندا بۆ بەندێکی سەرووئەمنیی تازە، بەشەخواردنی دەوڵەتیی زیندانیان وەر نەگرتووە. لە ڕۆژانی ڕابردوودا و بە مەبەستی دابڕینی پێوەندیی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی بە بەندەکانی تری زیندانەوە بەندێکی تازەیان لە بەشی ناوخۆی زینداندا کردۆتەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە دوێنێ ٤٧ زیندانی سیاسی و مەزهەبی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر دەنگۆی گواستنەوەیاندا بۆ بەندێکی سەرووئەمنیی تازە، بەشەخواردنی دەوڵەتیی زیندانیان وەر نەگرتووە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەرۆکی زیندان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ زیندانییانی ئەم بەندە ڕای گەیاندووە کە بەندێکی نوێ بۆ زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی دروست کراوە و لە ڕۆژانی داهاتوودا هەموو زیندانییەکان دەگوێزرێنەوە بۆ ئەم بەندە.

بە گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ ئەم بەندە، پێوەندیی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی بە بەندەکانی تری زیندانەوە دائەبڕدرێت، هەروەها ئەم بەندە نوێیە بە بەراورد لەگەڵ بەندەکانی تری زینداندا ڕووبەر، خزمەتگوزاری و ئیمکاناتی کەمتری هەیە.

ئەم بەندە لە تەنیشت بەندی کرێکاری و لە شوێنی پێشووی حەمامی سەرەکیی زیندان و لە دوو نهۆمدا دروست کراوە و نهۆمێکی تەرخان کراوە بۆ زیندانییانی دادسەرای سەربازی و نهۆمی خوارەوەیشی بۆ زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی دیاری کراوە.

بەندی ئێستای زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی ٥ ژووری هەیە و هەر ژوورێکیش شەش تەختی سێ نهۆمیی تێدایە. هەروەها ١٥ کامێرا و ١٤ کەرەستەی بڵاوکردنەوەی پارازیت لە هەموو ژوورەکان، ئاودەست، حەمام، چێشتخانە و هەواخۆریی بەندەکە دانراوە. دانانی کەرەستەی پارازیت لەم بەندەدا لە حاڵێکدایە کە پسپۆڕانی ئەو بوارە چەندین جار هۆشدارییان داوە کە شەپۆلی پارازیت دەبێتە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە