ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی سەرماوەز و بۆ دووهەم ڕۆژ، مانگرتنی بەکۆمەڵی سەرجەم زیندانییانی بەندکراو لە بەندی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر دەنگۆی گواستنەوەیاندا بۆ بەندێکی سەرووئەمنیی تازە، هەر درێژەی هەیە وزیندانییەکان ئامادە نەبوون بەشەخواردنی دەوڵەتیی زیندان وەربگرن.

لە لایەکی ترەوە مانگرتنی دو زیندانیی سیاسیی کوردی دیکە بە ناوەکانی کەیهان موکەڕەم و نایب حاجیزادە درێژەی هەیە و ڕۆژی دووشەممە کەیهان موکەڕەم بە فەرمانی بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.

کەیهان موکەڕەم بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر جێبەجێنەکردنی گەڵاڵەیاسای کەمکردنەوەی سزای بەندکردن لەسەر دۆسیەکەی خۆی و نایب حاجیزادە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر بێبەشکردنی لە خزمەتگوزاریی پزیشکیدا مانیان لە خواردن گرتووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی سەرماوەز بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە دووهەم ڕۆژی مانگرتنەکەدا لەگەڵ ٤٥ زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی ئەم بەندەدا دیداریان کردووە و پێداگرییان لەسەر گواستنەوەی ئەم زیندانییانە بۆ بەندە تازە سەرووئەمنییەکە کردووە. زیندانییە سیاسی و مەزهەبییەکانیش لەم دیدارەدا وتوویانە درێژە بە مانگرتنەکەیان دەدەن و دۆخی بەندە سەرووئەمنییە تازەکەیان بە نامرۆڤانە لە قەڵەم داوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەرۆکی زیندان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ زیندانییانی ئەم بەندە ڕای گەیاندووە کە بەندێکی نوێ بۆ زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی دروست کراوە و لە ڕۆژانی داهاتوودا هەموو زیندانییەکان دەگوێزرێنەوە بۆ ئەم بەندە.

بە گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ ئەم بەندە، پێوەندیی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی بە بەندەکانی تری زیندانەوە دائەبڕدرێت، هەروەها ئەم بەندە نوێیە بە بەراورد لەگەڵ بەندەکانی تری زینداندا ڕووبەر، خزمەتگوزاری و ئیمکاناتی کەمتری هەیە.

ئەم بەندە لە تەنیشت بەندی کرێکاری و لە شوێنی پێشووی حەمامی سەرەکیی زیندان و لە دوو نهۆمدا دروست کراوە و نهۆمێکی تەرخان کراوە بۆ زیندانییانی دادسەرای سەربازی و نهۆمی خوارەوەیشی بۆ زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی دیاری کراوە. بەندی ئێستای زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی ٥ ژووری هەیە و هەر ژوورێکیش شەش تەختی سێ نهۆمیی تێدایە. هەروەها ١٥ کامێرا و ١٤ کەرەستەی بڵاوکردنەوەی پارازیت لە هەموو ژوورەکان، ئاودەست، حەمام، چێشتخانە و هەواخۆریی بەندەکە دانراوە. دانانی کەرەستەی پارازیت لەم بەندەدا لە حاڵێکدایە کە پسپۆڕانی ئەو بوارە چەندین جار هۆشدارییان داوە کە شەپۆلی پارازیت دەبێتە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە.