مانگرتنی بەکۆمەڵی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبیی بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ کە لە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی سەرماوەزەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر گواستنەوەیاندا بۆ بەندێکی سەرووئەمنیی نوێ بە وەرنەگرتنی بەشەخواردنی دەوڵەتی دەستی پێ کردووە، لە ٤ ڕۆژ لەمەوپێشەوە گۆڕدراوە بۆ مانگرتن لە خواردن. هەروەها بە هۆی دابەزینی زەختی ژمارەیەک لە زیندانییە مانگرتووەکانەوە، ڕۆژی ڕابردوو پزیشکەکانی نەخۆشخانەی بە مەبەستی چێککردنی زەختی زیندانییان سەردانی بەندەکەیان کردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ی سەرماوەز،  ٤٥ زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ چۆتە ناو پێنجەم ڕۆژی مانگرتن لە خواردنەوە و دەوترێ دۆخی تەندروستیی هەندێ لە زیندانییە نەخۆشەکان ناجێگیرە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز، یەک لەو زیندانییە مانگرتووانە بە ناوی خالید فەرەیدوونی کە هاوکات لە بەرامبەر ڕەتکردنەوەی داوای ئازادیی مەرجدار یان پشووی کاتییشدا ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو، بە دەستووری بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.

بەرپرسانی زیندان لە سێهەم ڕۆژی مانگرتنەکەدا چووبوونە بەندی زیندانییانی سیاسی و داوایان لێ کردبوون کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بێنن، بەڵام هاوکات پێداگرییان لەسەر ئەوەیش کردبوو کە ئەم زیندانییانە بە زوویی بۆ بەندە تازە سەرووئەمنییەکە دەگوازرێنەوە. زیندانییەکانیش لەم دیدارەدا وتوویانە درێژە بە مانگرتنەکەیان دەدەن و دۆخی بەندە سەرووئەمنییە تازەکەیان بە نامرۆڤانە لە قەڵەم داوە.

بە گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ ئەم بەندە، پێوەندیی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی بە بەندەکانی تری زیندانەوە دائەبڕدرێت، هەروەها ئەم بەندە نوێیە بە بەراورد لەگەڵ بەندەکانی تری زینداندا ڕووبەر، خزمەتگوزاری و ئیمکاناتی کەمتری هەیە. ئەم بەندە لە تەنیشت بەندی کرێکاری و لە شوێنی پێشووی حەمامی سەرەکیی زیندان و لە دوو نهۆمدا دروست کراوە و نهۆمێکی تەرخان کراوە بۆ زیندانییانی دادسەرای سەربازی و نهۆمی خوارەوەیشی بۆ زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی دیاری کراوە.