دوای تێپەڕینی ساڵێک بەسەر دەستبەسەربوونی فەرزاد سامانی، ساکار عەینی و محەممەد هووشەنگیدا، دۆسیەی ئەم سێ چالاکە کوردە نێردراوەتە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد غوڵامی، بەڵام سەرەڕای ناڕەزایی بنەماڵەکانیان لە بەرانبەر یەکلایینەکردنەوە دۆسیەی منداڵەکانیاندا، دادگا ئامادە نییە لە دۆسیەکەیان بکۆڵێتەوە و ئەنجامێک بەدەستەوە بدات. ناوبراوان تا ئێستایش بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە هەر لە زیندانی ناوەندیی ورمێدان.

فارووق سامانی، برای فەرزاد سامانی، لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ساڵێک بەسەر دەستبەسەرکردنی براکەم فەرزاد سامانی و ساکار عەینیدا تێ دەپەڕێت و سەرەڕای هەموو بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵە و پارێزەرەکان، هێشتا دادگایی نەکران و دەستبەسەرن. جەواد غوڵامی، سەرۆکی لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد کە بەرپرسی لێکۆڵینەوەیە لە دۆسیەکە، تا ئێستا بە بیانووی بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان و ناتەواوبوونی بەڵگەکانەوە پرۆسەی دادگاییکردنەکەی خستۆتە دواوە و ئامادەیش نییە بۆ ئازادکردنی کاتییان بارمتە دیاری بکات».

بە وتەی ناوبراو، لە یەک ساڵی ڕابردوودا وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپای مەهاباد هەندێ لە هاوڕێیانی فەرزاد و ساکاریان بانگهێشت کردووە و خستوونیانەتە ژێر لێپرسینەوەوە. بەپێی وتەی ئەم کەسانە لێپرسینەوەکان بە مەبەستی دۆسیەسازی بۆ ئەم دوو چالاکە کوردە دەستبەسەرکراوە بووە.

هەروەها کەسێکی نزیکیش لە محەممەد هووشەنگی، چالاکی کوردی خەڵکی جوانڕۆ، ڕایگەیاند کە ناوبراو یەک ساڵە هەر بە شێوەی دەستبەسەربوونی کاتی لە زینداندایە و دادگای مەهاباد ئامادە نییە هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر دادگاییکردنی بدات.

دۆسیەی ئەم سێ چالاکە کوردە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا نێردراوەتە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد غوڵامی، بەڵام تا ئێستا بە هۆکاری نادیار دۆسیەکەیان نەخراوەتە بەر پرۆسەی لێکۆڵینەوە.

فەرزاد سامانی، خوێندکار، ساکار عەینی، دەرچووی لقی بیناسازیی زانکۆی تاران و محەممەد هووشەنگی لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو و لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکانی کورددا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە لە شارەکانی تاران و کەرەج دەستبەسەر کران و گواسترانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە پادگانی ئەلمەهدیی ورمێ. فەرزاد سامانی و ساکار عەینی لە ڕێکەوتی ١١ی جۆزەردان و محەممەد هووشەنگی دوای ٦ مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییەدا بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران.